رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی سوریا، بڕیاریدا محەممەد عوسمانی یاریزانی کوردیی یانەی سپارتا رۆتەردامی هۆڵەندی سزا بدات و لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی سوریای دوورخستەوە.
دوای ئەوەی راهێنەری هەڵبژاردەی سوریا لە یارییەکەیاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق، لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، بەشداری پێنەکرد، محەممەد عوسمان شاندی هەڵبژاردەی سوریای بەبێ ئاگاداری راهێنەر، لە قەتەر جێهێشت.
وەک سزایەک بۆ ئەو هەڵوێستەی یاریزانە کوردەکە، لیژنەی کاتیی راسپێدراو بە بەڕێوەبردنی کاروباری یەکێتیی تۆپی پێی سوریا، بە سەرۆکایەتی نەبیل سوباعی بڕیاریدا، محەممەد عوسمان سڕبکرێت و بۆی نییە تاوەکو کۆتاییهاتنی یارییەکانی پاڵاوتن یاری بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی سوریا بکاتەوە.
ئەم بڕیارەی یەکێتیی تۆپی پێی سوریا، دوای ئەوە هات کە دەستەی هونەری و کارگێڕیی هەڵبژاردەی سوریا راپۆرتێکیان بۆ لیژنە کاتییەکەی یەکێتی ناوبراو بەرزکردەوە و تێیدا روونیانکردبووەوە کە محەممەد عوسمان سەرپێچی یاساکانی کردووە و شایەنی سزادانە.
محەممەد عوسمان، کە ئێستا یەکێکە لە باشترین و گرنگترین یاریزانانی هەڵبژاردەی سوریا، هێشتا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بڕیارە نەداوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە پەرچەکرداری هەبێت و وەڵامی یەکێتیی تۆپی پێی سوریا بداتەوە.
محەممەد عوسمان، یەکێکە لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەڵبژاردەی سووریا، خەڵکی قامیشلۆیە و بۆ ماوەی وەرزێک روویکردووەتە یانەی سپارتا رۆتەردامی هۆڵەندی.
محەممەد تەمەنی 27 ساڵانە و پێش ئەوەی رووبکاتە یانەی رۆتەردام لە یانەی ئەلخرێتیاتی قەتەری یاریدەکرد، بەڵام ئەمە جاری یەکەمی نییە لە خولی هۆڵەندا یاری دەکات، بەڵکو یەکەم دەرکەوتنی لە یاریگە ئەوروپییەکان لەگەڵ تیپی لاوانی ڤیتزە بوو، دواتر بۆ تیپی یەکەمی ئەو یانەیە یاریکرد، ئینجا لە یانەکانی هێراکلیس ئالمیلۆ و تێلێستار یاری کرد.
ئەو یاریزانە کوردەی هەڵبژاردەی سووریا، لە ژیانی وەرزشیدا خاوەنی 20 گۆڵە، یەک گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی سووریاش کردووە، لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات.
محەممەد عوسمان لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی وەک کۆچبەر چوونەتە هۆڵەندا، ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی بەهرەکانی ئەو یاریزانە کوردە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ