پێرێز ناهێڵێت بارانی زستان لە مەدرید لە ئەستێرەیەکی بدات

19-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز رۆدریگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بڕیارێکی لەناکاو لە ریال مەدریدەوە، بەدیاریکراویش لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەیەوە دەرگای رۆیشتن بۆ ئەستێرەیەکی دیار لە مانگی یەکدا دەکاتەوە!، کە بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان پێرێز ناهێڵێت بارانی زستان لە مەدرید لەو یاریزانە بدات.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویان کردەوە کە ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی بڕیارێکی لەناکاوی سەبارەت بە داهاتووی یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی داوە، کە رۆدریگۆی بەرازیلییە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دەستبەرداری ببێت.
 
یاریزانە بەرازیلییە تەمەن 24 ساڵەکە، رووبەڕووی داهاتووێکی نادیار بووەتەوە دوای ئاستە ناجێگیرەکەی لەم وەرزەدا، چونکە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەر چابی ئەلۆنسۆدا تەنیا 25٪ـی خولەکەکانی یاریکردن بەشداری کردووە.
 
ئەو سەرچاوانە روونتر باسی ئەو یاریزانە دەکەن و دەڵێن "سەرەتای کۆتایی رۆدریگۆ لە بێرنابیۆ دەستیپێکردووە!! یانەی شاهانە ئامادەیە گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت کە بەهاکەیان دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ".
 
هەروەها دەڵێن "پێرێز بڕیاری داوە رۆدریگۆ بفرۆشێت و گوتوویەتی دەبێت بەر لە زستان بڕوات".
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، وا دیارە رۆدریگۆ گۆس لە پلانەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەرچووە، بەو پێیەی وەک جێگرەوەی سێیەم لە ریزبەندیی کورسیی یەدەگدا دادەنرێت دوای براهیم دیاز و فرانکۆ ماستانتۆنۆ.
 
یانە ئینگلیزییەکان چاودێری دەکەن
 
بەپێی ماڵپەڕی GiveMeSport هەردوو یانەی ئارسیناڵ و تۆتێنهام هۆتسپێر گرنگییەکی زۆریان بە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا نیشان داوە، ئەمەش دەرگا بەڕووی رۆیشتنی ئەستێرەکەی سێلیساودا دەکاتەوە.
 
پێشبینی دەکرێت بازاڕی گواستنەوەکان لە مانگی یەکدا گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، و لەوانەیە رۆیشتنی رۆدریگۆ بەشێک بێت لەم گۆڕانکارییانە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕدا بەهۆی دابەزینی ئاستی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە