رووداو دیجیتاڵ
کۆڕەنگ محەممەد، یاریزانی یانەی شێروانە بۆ رووداو ئاشکرایکرد "هەر لەیەکەم یەکەی مەشقی ئەم وەرزەوە، ئامانجمان بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزە بوو".
یانەی شێروانەی پێشەنگی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان تەنیا هەنگاوێک لە بەدەستهێنانی نازناوەکەوە دوورە و بەکۆکردنەوەی 50 خاڵ پێشەنگە و حەوت خاڵ لە زاخۆی دووەمی ریزبەندییەوە دوورە. چوار یاری لە خولەکە ماوە.
کۆڕەنگ محەممەد، ئەستێرەی یانەی شێروانە بە رووداوی گوت "ئێمە زیاترین لە یانەیەک و وەک خێزان واین، هەر لە یەکەم یەکەی مەشقەکانمانەوە بەڵێنی ئەوەمان بە سەرۆکی یانە و هاندەرانمان دا کە ئەمساڵ بۆ نازناوەکە بجەنگین و هەڵەکانی وەرزی رابردوو دووبارە نەکەینەوە".
ئەو سووربوونی خۆی و هاوڕێکانی بۆ بردنەسەری بەڵێنەکەیان باس کرد و گوتی "رۆژ هەبووە مەشقمان نەبووە، بەڵام پەرۆشیمان بۆ نازناوەکە وایکردووە بێینەوە مەشقەکان، چونکە ئێمە دەمانەوێت بەڵێنەکەمان ببەینەسەر و نازناوەکە ببەینەوە"
کۆڕەنگی 30ـی ساڵان لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە وەرزی رابردووی یانەکەیان گوتی "یەکێک لە کێشە گەورەکانی وەرزی رابردوومان ئەوەبوو ئێمە 7 بۆ 8 یاریزان بووین، کەمترین پشوومان هەبوو و هەموو یارییەکان بەشێوەی سەرەکی یارییمان دەکرد، ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی زۆر ماندوو ببین، کە بێگومان ئەوەش کاریگەری بەسەر ئەنجامەکانمانەوە هەبوو" .
گۆڵکەرەکەی شێروانە باسی رۆڵی عادل عەلی راهێنەریشی کرد و گوتی "مامۆستا عادل تەنیا راهێنەر نییە، بەڵکو ئەو وەک برایەکی گەورە دەردەکەوێت لە تیپەکە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیی ئەوەیە کە دوو رۆژ بەر لە یاری کۆماندەکاتەوە و ئێوارە خوانێکمان بۆ رێکدەخات بۆ ئەوەی زیاتر لەیەک نزیک ببینەوە و پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانمان دروست ببێت".
کۆڕەنگ محەممەد، ئەم وەرزە یەکێکە لە یاریزانە کاریگەرەکانی یانەکەی و چوار گۆڵی تۆمارکردووە و سێ ئەسیستیشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ