بۆمب.. ئێمباپێ نەرمی دەنوێنێت

20-02-2022
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، کۆمەڵێک مەرجی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی یانەی پاریسی بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت و گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
 
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا، ئاشکرای دەکەن کە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی هەندێک نەرمی نواندووە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رازی ببێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان نوێ بکاتەوە، بەڵام دەشڵێن "ئێمباپێ چەند مەرجێکی هەیە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە".
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریسی لە هاویندا کۆتایی دێت و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، چونکە چەندین دەستەوارەی ئەو یانەیەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت بچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە خەونی منداڵیەتییەتی.
 
سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی یانەی پاریسی، کە موڵکداریەتییەکەی بۆ قەتەرییەکان دەگەڕێتەوە، بێئومێد نەبوونە و لە هەوڵەکانیاندا بەردەوامن بۆ رازیکردنی ئێمباپێ بە مانەوە لە یانەکە، تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەی میرەکانی قەتەر خۆیان لەسەر هێڵن بۆ رازیکردنی ئێمباپێ، هەروەها دەگوترێت خودی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساش هەوڵیداوە ئێمباپێ رازی بکات لە پاریس نەڕوات.
 
لە نوێترین پێشهاتدا، چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێدەچێت ئێمباپێ جۆرێک لە نەرمی لە هەڵوێستی خۆی نواندبێت، کە پێشتر سووربوو لەسەر رۆیشتن.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، کۆمەڵێک مەرجی بۆ کارگێڕیی یانەکەی داناوە، بۆ ئەوەی بڕیاری مانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بدات.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یەکەم مەرجی کیلیان ئەوەیە کە دەبێت ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بێت و لە هیچ یەکێک لەو شوێنانە یاری پێنەکرێت کە لیۆنێل مێسی و نەیمار داسیلڤا یاری لێناکەن.
 
مەرجێکی دیکەی ئێمباپێ، بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەوەیە کە دەبێت خۆی جێبەجێکاری یەکەمی لێدانەکانی سزا بێت لە تیپەکەدا، نابێت هیچ لێدانێکی سزا لە لایەن مێسی یان نەیمارەوە جێبەجێبکرێت تاوەکو ئەو لەنێو یاریگەدا بێت.
 
ئەو سەرچاوانە زیاتر باسی مەرجەکانی کیلیان دەکەن و دەڵێن "ئێمباپێ دەیەوێت تیپێکی بەهێز دروست بکەن، کە بە هێنانی چەند یاریزانێکی گرنگ بتوانن رکابەری لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ بکەن، بۆ نموونە ئیمباپێ پێیوایە گرێبەستکردن لەگەڵ سێرخیۆ رامۆسی بەرگریکاری ئیسپانی هیچ پێویست نەبوو، چونکە ئێستا ئەو یاریزانە تەمەنی گەورە بووە و ناتوانێت سەرکردایەتی هێڵی بەرگریی یانەکە بکات".
 
جگە لەمەش، کیلیان زۆر تووڕەیە لەو دۆخە ناسەقامگیر و نا رێکخراوەی لە یانەکەدا هەیە و داواشی کردووە کە هیچ یاریزانێک مافی سەرپشکی پێنەدرێت، بەتایبەتیش هەندێک یاریزانی ئەمریکای باشوور، کە بێگومان مەبەستی مێسی و نەیمارە.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە لە هاوینی داهاتوودا، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا بەتەواوی بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە، کە یانەکەی دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و ئەویش بەپێی راپۆرتەکان نیازی رۆیشتنی هەیە، بەتایبەت کە ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە.
 
هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر دەچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئێمباپێ بە پۆچێتینۆی گوتووە "من گرێبەستەکەم نوێ ناکەمەوە و لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا هیچ پەیوەندییەکم بە پاریس سانجێرمانەوە نامێنێت".
 
ئەگەرچی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بەئاشکرا داوای لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید و بەرپرسانی ئەو یانەیەش بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە دانوستاندنیان لەگەڵ یانەی پاریسی کرد، بەڵام دەرئەنجام یاریزانەکە لە یانەی خۆی مایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە