تۆنی کرووس: هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس زیان بە ریال مەدرید دەگەیەنێت

20-11-2025
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر تۆنی کرووس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووسی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دووپاتیکردەوە هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکە، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر تیپەکە دروستکردووە.
 
میدیای ئیسپانیا لەزاری کرووسیان گواستوەتەوە کە ئەو لە کاتی بوونی لە یانەی ریال مەدرید، هەستی بە هەندێک لە هەڵسوکەوتە نمایشکارییەکانی یاریزانە بەرازیلییەکە کردووە، بەتایبەت لە دەمارگرتن، رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی یاریزانان و هاندەران و دووپاتیدەکاتەوە، ئەو هەڵسوکەوتانە، ئەوی ناڕەحەت کردووە کاتێک پێکەوە لە یەک تیپدا یارییان کردووە.
 
کرووس کە زیاتر لە وەرزێک لەگەڵ ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید یاریی کردووە، دەڵێ، "ئەوکات زۆر پێمدەگوت بەسە، لەبەرئەوەی هەستت دەکرد لە کۆتاییدا ئەوەی ئەو دەیکات زیان بە تیپەکە دەگەیەنێت، دەکرێ وا لێکبدرێتەوە کە رکابەر، یان ناوبژیوان یان هاندەرانی تیپی بەرامبەر بێزار بکات".
 
کرووس کە بەر لە ساڵێک زیاتر بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێناوە، روونیکردووەتەوە کە ئەو مشتومڕانە تەنیا لەسەر ئاستی کەسیی نەبووە، بەڵکو رەنگدانەوەی لەسەرئاستی بە کۆمەڵی تیپەکە هەبووە، ئەو دەڵێ، "وەک تیپ، هەستدەکەی هەموو ئەوەی لە چواردەورتە لە دژت دەوەستێتەوە بەهۆی ئەو جۆرە کارانەوە".
 
پاڵەوانی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە 2014، پێیوایە ئەو جۆرە ململانێیانەی ڤینی لە یاریگەدا ئەنجامیاندەدات، وردبوونەوەی یاریزانەکانی دیکە پەرت دەکات، هەروەها تەگەرە دەخاتە بەردەم کاری بەکۆمەڵی یاریزانەکانی دیکە.
 
تۆنی، ئاماژەی بەهەوڵی زۆر داوە، بۆ ئارامکردنەوەی هێرشبەرە بەرازیلییەکە لە کاتی یارییەکاندا، لەپێناو پاراستنی دینامیکیەتی تیپەکە و ئاستی ڤینی خۆی، ئەو دەڵێ، "هەوڵی زۆر لەگەڵدەدا لە یاریگەدا ئارامی بکەمەوە، بەتایبەت بۆ ئەوەی ریتمی یارییکردنی خۆی لەدەست نەدات، چونکە لەو کاتانەدا لەدەستی دەدا. من هەموو کات پێمدەگوت تۆ زۆر باشیت، هێندە باشیت، پێویستت بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە نییە".
 
ڤینیسیۆس لە نوێترین مشتومڕ و کێشەی نێو یاریگەدا، ناڕەزایەتیی لە بڕیاری چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشاندا، کاتێک لە یاریی کلاسیکۆدا ئەوی بردە دەرەوە، بەڵام دواتر ڤینی داوای لێبوردنی لە هەمووان کرد، بەبێئەوەی ناوی ئەلۆنسۆ بهێنێت، لە کاتێکدا سەرچاوەکان دووپاتیانکردەوە ئەو یاریزانە، لە ژووری جلگۆڕین بەتایبەت داوای لێبوردنی لە راهێنەرەکەی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە