رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، گەڕانەوەی خوان گارسیای گۆڵپارێزی یانەکە هانزی فلیکی راهێنەری زۆر دڵخۆش کردووە و لە دڵەڕاوکێیەکی گەورە رزگاری کردووە، بۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی چێزنیی گۆڵپارێزی پۆڵەندی داوە.
گۆڵپارێز، کە جاران لە بارسێلۆنا بە سەرچاوەی دڵنیایی دادەنرا بۆ تیپەکە، ئێستا بووەتە جێگای گومان و رەخنەکان. دوای دابڕانی خوان گارسیا، ئەنجامەکانی تیپەکە پاشەکشەی بەرچاویان کردووە، ئەمەش قەیرانێکی ئاشکرا کردووە کە چیدی ناکرێت پشتگوێ بخرێت.
جیاوازییەکی گەورە
بارسێلۆنا لەگەڵ خوان گارسیا تەنای پێنج گۆڵی لە حەوت یاریدا لێیبوو، بەڵام لەگەڵ شوێنگرەوەکەی، ڤۆیچێک چێزنی: حەڤدە گۆڵ لە نۆ یاریدا لەدژی تۆمارکران.
جیاوازییەکی گەورە کە دەربڕی دابەزینی زۆری ئاستی تیپەکەیە، ئەمەش شتێکە قبوڵکراو نییە بۆ تیپێک کە ئامانجی کێبڕکێکردن بێت لەسەر هەموو نازناوەکان.
بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە بارسێلۆنا
هانزی فلیک، ئەو راهێنەرەی کە گارسیای بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی تیپەکەی دەزانی، ئێستا وێنەکەی بەڕوونی لەبەرچاوە. دابڕانی گارسیا وایکردووە تیپەکە ئەو دڵنیاییە لەدەستبدات کە لە هێڵی دواوە (بەرگری) پێویستی بوو، لەکاتێکدا چێزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندی ئاستێکی هەڵبەز و دابەز پێشکێش دەکات، بە هەڵەی کوشندە و دوودڵییەوە لە بەرپەرچدانەوەی لێدانەکان. ئەوەی هاوینی رابردوو وەک بژاردەیەکی ئاسوودە دەردەکەوت، ئێستا بووەتە سەرچاوەی نیگەرانییەکیراستەقینە لە یارییە چارەنووسسازەکاندا.
لەناو یانەکەدا، هەمووان نیگەرانی خۆیان لە دابەزینی ئاستی چێزنی دەردەبڕن. لاپۆرتا، دیکۆ و دەستەی راهێنەران کۆکن لەسەر ئەوەی کە بارسێلۆنا بەرگەی گۆڵپارێزێک ناگرێت کە لە هەموو یارییەکدا گومان دروست بکات. کەشوهەوای ژووری جلگۆڕین گرژی تێدایە و کاریگەرییە نەرێنییەکەشی لەسەر سەقامگیری تیپەکە بەڕوونی دیارە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، هانزی فلیک راشکاوانە بە چێزنی گوتووە "تۆ چیدی یاری ناکەیتەوە".
گەڕانەوەی گارسیا.. رزگارکەرە چاوەڕوانکراوەکە
لەگەڵ ئەوەشدا، تروسکاییەک لە کۆتایی تونێلەکەدا هەیە. خوان گارسیا، کە بەدەست پێکانەوە دەیناڵاند، ئێستا ئامادەیە بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڵپارێزی لە یارییەکانی داهاتوودا. وردە وردە دەستەی پزیشکی باشبوونی دۆخی ئەویان راگەیاندووە، و پێشبینی دەکرێت بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو ئامادەبێت. بۆ فلیک، گەڕانەوەی گارسیا تەنیا بەهێزکردنی هێڵی گۆڵپارێزی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژی پێویستە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی تیپەکە. گارسیا تەنیا بە گۆڵپارێز دانانرێت، بەڵکو وەک سەرکردەیەکە کە سەقامگیری دەروونی و رێکخستن دەبەخشێت بەتەواوی هێڵی بەرگری.
تیپەکە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیەتی
بێگومان یاریزانان لە ژووری جلگۆڕین هەست بە جیاوازییە گەورەکەی نێوان گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە و هاوڕێ پۆڵەندییەکەی دەکەن. لەگەڵ گارسیا، پەستانی بەرگری رێکخراوتر دەبێت و چاودێری لەسەر هێرشبەران باشتر دەبێت، لەکاتێکدا لەگەڵ چێزنی، بەرگری هەمیشە لە دۆخی ئامادەباشی و ترسدا دەمێنێتەوە. هەر ئەمەش وای لە یانەکە کرد بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات: هەر کە گارسیا گەڕایەوە، چێزنی هیچ شوێنێکی لە پێکهاتەی سەرەکیدا نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ