جەزائیر و گابۆن بۆ جامی ئەفریقا گەیشتنە مەغریب

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی ئەفریقا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی جەزائیر بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا گەیشتە شاری ریباتی پایتەختی مەغریب.
 
تیپەکە لەلایەن ڤلادیمێر پێتکۆڤیچەوە راهێنەرایەتیی دەکرێت و لە کۆمەڵەی پێنجەمدا یاریی دەکات و هەڵبژاردەکە لەژێر گوشاری زۆردایە، ئەمەش دوای ئەوەی لە پاڵەوانێتیی رابردووی پاڵەوانێتییەکەدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ماڵئاوایی کرد. "رێوییەکانی بیابان" ناسناوی هەڵبژاردەی جەزائیرە و لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی بورکینافاسۆ، غینیا کەمەرەیی و سودان دەبنەوە.
 
جامی نەتەوەکانی ئەفریقا رۆژی یەکشەممە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا مەغریبی وڵاتی میواندار ئامانجیەتی نمایشێکی ناوازە و شایستە پێشکەش بکات، کە لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ بوون بە هێزێکی جیهانی لە بواری تۆپی پێدا بگونجێت.
 
ئەم پاڵەوانێتییە کە چوار هەفتە دەخایەنێت، وەک پرۆڤەیەکی سەرەکی و بەرچاو بۆ مۆندیالی 2030 تەماشا دەکرێت، کە تێیدا مەغریب یەکێک دەبێت لە میواندارە سەرەکییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش، شانشینی مەغریب دەستی کردووە بە یەکێک لە گەورەترین و چڕترین پڕۆژەکانی بونیادنانی ژێرخان لە مێژووی وەرزشی ئەفریقادا.
 
بیست و چوار تیپ لە سەرانسەری کیشوەرەکەوە لە نۆ یاریگای نوێ یان بەتەواوی نۆژەنکراوە لە شەش شاری جیاوازدا رکابەریی یەکدی دەکەن.
 
هەڵبژاردەی گابۆن گەیشتە شاری کازابلانکا بۆ دەستپێکردنی دوایین ئامادەکارییەکانی پێش دەستپێکی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.
 
تیپەکە کە لەلایەن "تیێری میۆما"وە راهێنەرایەتیی دەکرێت، تیپەکە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە گەیشتە مەغریب و بە یارییەکی زەحمەت دەچێتە نێو رکابەرییەکان.
 
گابۆن لە پاڵەوانێتییەکەدا لە کۆمەڵەی شەشەمە، یەکەم یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی کامیرۆن دەبێت، دوای ئەوە بەرامبەر مۆزەمبیق و کۆتدیڤوار یاریی دەکات و ئەرکی زەحمەت دەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
پێشبینی دەکرێت پیێر ئیمێریک ئۆبامیانگ بەشداری لە یەکەم یاریی گابۆن نەکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی سەرکەوتنی مارسیلیا بەسەر مۆناکۆ بە ئەنجامی 1-0 لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە رانیدا تووشی پێکانبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە