راشفۆرد سوورە لەسەر چوون بۆ بارسا

21-01-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن مارکۆس راشفۆرد یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مارکۆس راشفۆرد، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد سوورە لەسەر ئەوەی رووبکاتە ریزەکانی یانەی بارسیلۆنا و تەنیا یەک بەربەست ماوە.
 
ئەمڕۆ لە میدیای ئیسپانیا دەنگۆی کۆبوونەوەی دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا و بەڕێوەبەری کارەکانی مارکۆس راشفۆرد بڵاوبووە و چەند سەرچاوەیەکی ئیسپانی باوەڕپێکراو ئەوەیان خستەڕوو کە یاریزانەکە دەیەوێت لە بارسا یاریبکات و بە بژاردەی یەکەمی خۆی دادەنێت.
 
لەلایەکی دیکەوە دیکۆ، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە رووی داراییەوە بوار بۆ چوونی راشفۆرد بۆ یانەکە بڕەخسێنێت، وەک لە سەرچاوەکاندا هاتووە، هاتنی راشفۆرد بەندە لەسەر رۆیشتنی ئیریک گارسیا و ئانسو فاتی لە یانەکە.
 
مووچەی ساڵانەی مارکۆس راشفۆرد 15 ملیۆن پاوەندە، یانەی مانچێستەر یونایتد ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشێکی مووچەکەی بدات، میدیای ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن، ئەگەر یانە کەتەلۆنییەکە دەیانەوێت راشفۆرد بە خواستن ببەنە ریزەکانیان تا کۆتایی وەرز، ئەوە پێویستە 9-10 ملیۆن پاوەند خەرج بکەن.
 
لە هەمان کاتدا یانەی بارسێلۆنا داوایان لە راشفۆرد کردووە مووچەکەی کەمبکاتەوە و یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی گواستنەوەکە.
 
دیکۆ لە هەمان رۆژدا لەگەڵ خۆرخێ مێندێش، بەڕێوەبەری کارەکانی ئانسو فاتی کۆبووەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ حاڵەتی فاتی بدۆزنەوە، فاتی سوورە لەسەر مانەوەی لە بارسێلۆنا و متمانەی هەیە کە دەتوانێت وا لە هانزی فلیک بکات وەک یاریزانێکی سەرەکی پشتی پێ ببەستێت، ئەو یاریزانە لە دوایین 4 بانگێشتکردندا بۆ یانەی بارسێلۆنا، هیچ رۆڵێکی لە پلانەکانی فلیک نەبووە.
 
ئەوەی گواستنەوەی فاتی بۆ دەرەوەی بارسێلۆنا سەختتر کردووە، مووچە بەرزەکەیەتی، یانەکانی دیکە ئامادە نین هەمان مووچە بە فاتی بدەن و ئەو یاریزانەش نایەوێت مووچەکەی کەمتربکاتەوە، یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت لە رێگەی ناردنی بە خواستن بۆ یانەیەکی دیکە چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە