رووداو دیجیتاڵ
دوای یارییە ئاگرینەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ، ململانێیەکان بۆ گەیشتن بە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ گەرم بوون، هەشت یانەی یەکەم راستەوخۆ دەگەنە قۆناغی 16، بەڵام ئەو یانانەی لە پلەی 9-24 یاریی پاشکۆ (بە شێوازی چوون و هاتن) ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بە قۆناخی 16.
بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە سلاڤیا پڕاگی بردەوە، سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی دواکەوتنەکەی بە گۆڵێک، بۆ بردنەوە بەئەنجامی 2-4.
سلاڤیا پڕاگ لە یاریگای 'فۆرچونا ئەرینا' بەبەهێزی دەستی بە یارییەکە کرد و لە رێگەی لێدانی گۆشەوە پێشکەوت، کاتێک ڤاسیڵ کۆسیج لە خولەکی 10، گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، ئەمەش جۆشوخرۆشی هاندەرانی زیاتر کرد.
پاشان بارسێلۆنا کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و لە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ بۆ ماوەیەکی درێژ گوشاری خستە سەر سلاڤیا، تاوەکو فێرمین لۆپێز لە خولەکی 34دا توانی گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات، دواتر ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەند گەڕایەوە و لە خولەکی 42دا گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد.
نیوەی یەکەم لێرەدا کۆتایی نەهات، چونکە سلاڤیا پێش کۆتاییهاتنی گێمەکە گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کردە 2-2، گۆڵەکەش رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بە هەڵە لە گۆڵی خۆیاندا تۆماری کرد.
لە نیوەی دووەمدا بارسێلۆنا هاوسەنگیی خۆی پاراست و لە رێگەی دانی ئۆڵمۆوە پێشکەوت، ئەو یاریزانە ئیسپانییە گۆڵی سێیەمی بە لێدانێکی سەرنجڕاکێش تۆمارکرد، دوای ئەوەی لە دەرەوەی ناوچەی سزا تۆپەکەی پێگەیشت و بە شێوازێکی نایاب ئاراستەی ناو تۆڕی گۆڵی بەرامبەری کرد.
راستەوخۆ دوای ئەوە، لێڤاندۆڤسکی پێشکەوتنی بارسێلۆنای دووپاتکردەوە و گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد.
دوای ئەم سەرکەوتنە، بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی بۆ 13 خاڵ بەرزکردەوە و سەرکەوت بۆ پلەی نۆیەم لە ریزبەندی قۆناخی خولدا.
لە یارییەکی دیکەدا، بایرن میونشن دوای ئەوەی لە یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-0 لە سانت جیلواسی بردەوە، بەفەرمی گەیشتە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ.
لە هەمان کاتدا لیڤەرپوول سەرکەوتنێکی گرنگی لە نێو فەرەنسا بەدەستهێنا و لە مسۆگەرکردنی شوێنی خۆی لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ نزیکبووەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گرنگی بە ئەنجامی 3-0 بەرامبەرمارسیلیای فەرەنسی بەدەستهێنا.
چێڵسی لەگەڵ رۆسێنیۆر هیواکانی بۆ تۆپ هەشتی قۆناخی خول لە چامپیۆنزلیگ بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی مۆیسس کایسێدۆ لە خولەکی 78دا بە لێدانی سەر گۆڵێکی تۆمارکرد، بەو گۆڵە تیپەکەی توانی دواجار هێڵی بەرگرییە سەختەکەی یانەی پافۆس بشکێنێت.
لە یارییەکانی دیکەی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگدا، یوڤێنتوس سەرکەوتنێکی گرنگی بە ئەنجامی 2-0 بەسەر بێنفیکادا بەدەستهێنا, هیواکانی بۆ گەیشتن بە قۆناغی پاشکۆ بەهێزترکرد، لە هەمان کاتدا نیوکاسڵ یونایتد بەئاسانی و بە ئەنجامی 3-0 لە ئایندھۆڤنی بردەوە.
هەروەها ئاتلێتیک بیلباو دوای ئەوەی لە دواوە بوو، توانی بە ئەنجامی 3-2 لە ئاتاڵانتا بباتەوە، هەردوو یانەی گاڵاتەسەرای و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی کاراباخ ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی تۆمارکرد و لە یارییەکی پڕ گۆڵدا بە ئەنجامی 3-2 لە فرانکفۆرتی بردەوە.
هەفتەی داهاتوو، قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ بەئەنجامدانی گەڕی 8 کۆتایی پێدێت، هەموو یارییەکانیش رۆژی چوارشەممە کاژێر 23:00 بەڕێوە دەچن.
نوێترین ریزبەندی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ:

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ