ڤیدیۆ؛ بایرن بەبێ جەمال بەرامبەر ئینتەرمیلان یاری دەکات

08-04-2025
ئیحسان تاهیر
بایرن میونشن - ئینتەرمیلان 22:00
بایرن میونشن - ئینتەرمیلان 22:00
نیشانەکردن بایرن میونشن ئینتەرمیلان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە نێو هەواڵەکانی ژمارەی زۆری یاریزانە پێکراوەکانی و خەونی گەورەیدا بۆ ئەنجامدانی یاریی کۆتایی لەسەر یاریگەی خۆی، بایرن میونشنی ئەڵمانی بە سەرسەختی و دیوارە پتەوەکەی بەرگریی ئینتەرمیلان دەکەوێت و پێویستە لەسەری، لە نێو ئالیانز ئەرێناوە، نیوەی رێگە بەرەو قۆناخی داهاتوو ببڕێت.
 
پاش دڵنیابوونەوە لە پێکرانی هەریەکە لە مانوێل نۆیەر، ئەلیکساندەر پاڤلۆڤیچ، دایۆت ئۆپامیکانۆ و جەمال موسیالا، کینگسلی کومانیش لە لیستی یانە باڤارییەکە بۆ یارییەکە دوورخرایەوە و ئەوەش هێندەی دیکە ئەرکی تیپی خانەخوێ لە یارییەکەدا زەحمەت دەکات.
 
بایرن کە هێشتا وەک تیپێکی تۆقێنەر و کاریگەر خۆی پێشاننەداوە لە چامپیۆنزلیگدا و کەمن ئەوانەی باوەڕیان بەوە هەیە وەک بەربژێرێک بۆ بردنەوەی نازناوەکە بیناسێنن، بەڵام هەموو کات وەک تیپێکی ئەزمووندار و خاوەن نازناوی زۆری پاڵەوانێتییەکە تەماشای دەکرێت و پێکهاتەی ئێستای تیپەکەش پڕە لەو یاریزانانەی ئەزموونی گەورەیان لە پاڵەوانێتییەکەدا هەیە.
 
ئینتەرمیلان لای خۆیەوە، وەک یەکێک لە تیپە هەرە بەهێزەکان لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا دەرکەوتووە. ئینتەر بەتاکە نوێنەری ئیتاڵیا ماوەتەوە و نایەوێ دوایین ماڵئاواییکردوو بێت لە پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەزموونی ساڵانی نزیکی پێشووی یانەکە و سەقامگیریی کارگێڕی و گونجانی تیپەکە لەگەڵ بیرۆکە تاکتیکییەکانی سیمۆنی ئینزاگیی راهێنەر، هەمووان وایانکردووە هاندەرانی ئەو یانەیە پێیانوابێت ئەرکەکەیان بەرامبەر یانە باڤارییەکە ئەستەم نییە.
 
ئینتەرمیلان دەیەوێت بۆ یاریی گەڕانەوە لە یاریگەی خۆیدا، ئەمشەو بەئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە و ئامادەبێت بۆ ئەوەی لەنێو جۆزیپی میاتزا، کۆتایی بەجەنگەکەی گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو بهێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە