رووداو دیجیتاڵ
لاوتارۆ مارتینێز، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەی ئینتەرمیلاندا کردووە و بۆ یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادەیە.
ئەمشەو کاژێر 22:00 یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی میوانداریی بارسێلۆنای ئیسپانی دەکات و یەکێکیان دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
ئینتەرمیلان رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، بێنیامین پاڤار لە لیستی یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە دوورخرایەوە، بەڵام لاوتارۆ مارتینێز، کە لە یاریی چووندا بەهۆی پێکانەوە گۆڕانکاریی پێکرا، بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنانی کردووە و ئامادەیە بۆ یارییەکە، ئەمە لەکاتێکدا لە دوای یاریی چوون سیمۆنی ئینزاگی گوتی، رەنگە یاریی گەڕانەوە بەبێ کاپتەنەکەمان ئەنجامبدەین.
لاوتارۆ گۆڵکاری ئەم وەرزەی ئینتەرمیلانە و بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا 21 گۆڵی بۆ نیرازۆری تۆمارکردووە، کە 8 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ بووە.
ئینتەرمیلان دووجار لە مێژوودا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕاوە، دواینجار لە 2019 بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا.
یاریی چوونی نێوان هەردوولا بەیەکسانبوون بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک تەواو بووە و هیچ بوارێک بۆ یەکسانبوون نییە و پێویستە ئەمشەو یەکێکیان یارییەکە بباتەوە، بۆ ئەوەی بلیتێکی گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یەکلاببێتەوە.
یانەی بارسێلۆنا بەهێزەوە خۆی بۆ یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ئامادەکردووە و چاوی لە گەیشتن بە یاریی کۆتاییە.
بارسا لە یاریگەی جۆزێپی میازا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشق و راهێنانەکاندا کردووە، دوای ئەوەی نزیکەی دوو هەفتە لە رانی چەپیدا تووشی پێکانبوو و دوورکەوتەوە.
لیڤاندۆڤسکی ئامادەیە، بەڵام هەریەکە لە ئەلیخاندرۆ بالدێ، ژول کوندێ و مارک کاسادۆ بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن و ناوی ئاندرێ تێرشتیگنیش لە سەرەتاوە بۆ چامپیۆنزلیگ تۆمار نەکراوە.
ئەم یارییە بۆ بارسێلۆنا دووجار گرنگە، هەم بەبردنەوە دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە لە 2015ـەوە یانەکە نەگەیشتووەتە یاریی کۆتایی، جگە لەوەش یارییەکە پێش کلاسیکۆی یەکلاکەرەوەیە و تیپەکە چاوی لەوەیە بەبردنەوەی ئەم یارییە بە ورەیەکی بەرزەوە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و خۆی بۆ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ئامادەبکات.
لە 2011ـەوە بارسێلۆنا لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نەیبردووەتەوە و ئەمشەو دەیەوێت ئەو گرێیەش بکاتەوە و کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بهێنێت.
بۆ ئەم یارییە هەموو چاوەکان لەسەر لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا دەبن، راهێنەری ئینتەرمیلان دەڵێت "چاودێرییەکی چڕی یاریزانەکە دەکەین، هەرچەند دەزانین راگرتنی ئەو زەحمەتە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ