رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، خۆشحاڵی خۆی بە سەرکەوتنە گەورەکەی تیپەکەی لە یاریی کلاسیکۆدا نیشاندا و گوتی "ئەو سەرکەوتنە بۆ هیچ کەسێک بە تەنیا ناگەڕێتەوە، بەڵکو بە کۆششێکی بەکۆمەڵ هاتووەتەدی".
لە گەڕی 29ـی لالیگادا، یاریی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەچوو، کە تێیدا بلاوگرانا توانی بە ئەنجامی 4-0 لە مێرینگێ بباتەوە.
چاڤی هێرناندێز، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "من زۆر دڵخۆش و رازیم لە هەموو شتێک، ئێمە کەسایەتی و بوێریمان هەبوو، داوام لە یاریزانەکانم کرد تۆپ لەدەستنەدەن، کۆنترۆلی یارییەکەمان کرد، ئێمە بەمشێوەیە دەتوانین رکابەری بکەین".
ئەو زیاتر گوتی "دەتوانین بڵێین ئێمە گەڕاینەوە، ئەمە رۆژی ئاهەنگگێڕان و چێژوەرگرتنە، لە رابردوویەکی نزیکدا زۆر ئاسوودەییمان نەبوو، ئێمە رکابەری ریال مەدریدمان کرد لەسەر یاریگەی خۆیان، یارییەکی جوان بوو، دەمانتوانی گۆڵی زیاتر بکەین، زۆر باشتر لەوان یاریمان کرد".
چاڤی هێرناندێز، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ناچارنییە هەڵسەنگاندن بۆ هیچ شتێک بکات و گوتی "دڵخۆشم و پێویستە هاندەرانی بارسێلۆنا چێژ لەم سەرکەوتنە وەربگرن، ئێمە دەرمانخست کە بەو پڕۆژەیە دەتوانین رکابەری هەر رکابەرێک بکەین".
راهێنەری بارسا، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "لە راستیدا ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد بەو شێوەیە لەسەر یاریگەی خۆیاندا ئەوەندە لەوان باشتر دەبین، بەڵام لە کۆتاییدا دڵخۆشم بەوەی روویدا".
چاڤی بەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی "دەکرێت ئەم یارییەمان بەو یارییە بەراورد بکەین کە 6-2 بردمانەوە، ئێمە بە ئاست و ئەنجام زۆر باشتر بووین لەوان".
راهێنەری بلاوگرانا لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "دەبێت چێژ لەم سەرکەوتنە وەربگرین و ئاهەنگ بگێڕین، ئینجا بیر لە یاریی سێڤییا بکەینەوە، بەڵام پێموانییە دەتوانین نازناوی لالیگا ببەینەوە، لالیگا زەحمەتە، بەڵام خۆمان بەدەستەوەش نادەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ