رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، تیمی ناوبژیوانانی یاریی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئاشکراکرد، کە بەسەرۆکایەتی ريكاردۆ دی بورگۆس دەبێت.
یاریی کۆتایی ئیل کلاسیکۆ لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید رۆژی شەممەی داهاتوو 26ـی نیسان لە یاریگای لا کارتوخا لە شاری سێڤییا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی هەژماری فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، لیژنەی ناوبژیوانان ریکاردۆ دی بورگۆسی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی راسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە، هەروەها پابلۆ گۆنزالێز فوێرتێس دەبێتە ناوبژیوانی VAR.
دی بورگۆسی تەمەن 39 ساڵ پێشتر ناوبژیوانی دوو یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بووە لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، کە لە هەر یەکێکیاندا یەکێکیان براوە بووە.
ناوبژیوانی یارییەکی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید بووە لە خولی ئیسپانیا کە تیپی کەتەلۆنی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
دی بورگۆس لەم وەرزەدا لە سێ یاریی لالیگادا ناوبژیوانی بۆ یارییەکانی بارسیلۆنا کردووە، کە بلاوگرانا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە یارییەکیشدا دۆڕاوە.
ناوبژیوانەکە ئەم وەرزە سەرپەرشتی یەک یاریی ریال مەدریدی کردووە لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مایۆرکا، کە مێرینگێ بەئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.، کە مێرینگێ بەئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید وەرزی رابردوو رەخنەی تووندی لە ناوبژیوان دی بورگۆس گرت دوای یارییەکەیان بەرامبەر سێڤییا لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023، کاتێک گۆڵێکی ریال مەدریدی رەتکردەوە.
کەناڵەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەخشکرد کە تێیدا ناوبژیوانەکەی بە "دوژمنی ریال مەدرید" وەسف کرد و داوایکرد ناوبژیوانیی هیچ یارییەکی دیکەی ریال مەدریدی پێنەدرێت.
لەکاتێکدا دی بورگۆس پێشتر کارتی سووری بە ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید داوە کاتێک ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید و ڤالێنسیا بوو لە یاریگای مێستایا لە وەرزی 2022-2023، کە لەو یارییەدا یاریزانە بەرازیلییەکە لەلایەن هاندەرانی ڤالێنسیاوە رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەوە.
هەروەها ئەو ناوبژیوانە پێشتر کارتی سووری بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیش داوە، ئەوکاتەی یاری بۆ ریال مەدرید دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ