دوای دۆڕان بە بارسا لەژووری جلگۆڕینی ریال مەدریدا شەڕ روویداوە

27-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی دیفێسنا سێنتڕاڵی ئیسپانی، باس لەوە دەکات کە دوای یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید یاریزانانی ئەو یانەیە بووە بە شەڕیان و بە دوو یاریزان ویستوویانە لە یاریزانێکی دیکە بدەن.
 
لە شەوێکی تاریکدا بۆ هاندەرانی ریال مەدرید، یانەی شاهانە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا کەوتە بەر بارسێلۆنای رکابەرە تەقلیدییەکەی، کە دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی دراماتیکی، کە درێژبووەوە بۆ کاتی زیادکراو، بارسێلۆنا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یاریزانانی لۆس بلانکۆس تووشی شۆک و خەم و پەژارە بوون.
 
ژول کۆندێی بەرگریکاری بارسا لە خولەکی 116 بە مووشەکێک تۆڕی تیبۆ کۆرتوای هەژاند و کلاسیکۆی یەکلاییکردەوە و نازناوێکی بەنرخی دیکەی بە بارسا بەخشی، بەڵام لەپشت ئەو گۆڵەوە دیمەنێکی شۆکهێنەر هەبوو، ئەویش هەڵگیرسانی شەڕبوو لەنێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید.
 
ئەو هەڵەیەی یارییەکەی پێچەوانە کردەوە، لەلایەن برایم دیازەوە بوو کە لەکاتی زیادکراودا وەک یاریزانی یەدەگ هاتە نێو یاریگا، بەڵام هەڵەیەکی کوشندەی ئەنجامدا کاتێک لوکا مۆدریچ تۆپێکی بۆ نارد و ئەو کەمتەرخەمی کرد و لەئەنجامدا کوندێ سوودی لێوەرگرت و گۆڵی بردنەوەی یارییەکە و نازناوەکەی بۆ بارسا تۆمارکرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیفێسنا سێنتڕاڵ، کاتێک یاریزانەکان گەڕاونەتەوە ژووری جلگۆڕین، جود بێلینگهام و فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لەگەڵ برایم دیاز تووشی دەمەقاڵێیەکی تووند بوونە، چونکە پێیانوابووە دیاز هۆکاری لەدەستدانی نازناوەکە بووە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، تووڕەیی گەیشتووەتە ئاستێک کە بێلینگهام هاواری بە سەر دیازدا کردووە و پێیگوتووە "ئێمە شایەنی سەرکەوتن بووین، بەڵام تۆ هەموو شتێکت بەفیڕۆدا".
 
هەروەها دیفێسنا سێنتڕاڵ زیاتر دەڵێت "ڤاڵڤێردی بەتووڕەیییەکی زۆرەوە چووەتە ژوورەکە و ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر دیاز و خەریکبووە دۆخەکە گەشە بکات بۆ شەڕە بۆکس، ئەگەر دەستێوەردانی هەندێک یاریزان نەبووایە کە سەرکەوتوو بوون لە هێورکردنەوەی دۆخەکە پێش ئەوەی ژوورەکە بگۆڕێت بۆ یارییەکی بۆکسێن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە