رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچێت، دوو یانەی بەنێوبانگی ئینگلتەرا لە خراپترین دۆخیاندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام، ئەمشەو کاژێر 22:00 لە یاریگەی سان مامێسی تایبەت بە یانەی ئاتلێتیک بیلباو لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان لەسەر چیمەنی یاریگەکە ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەن.
مانچێستەر یونایتد پێشتر لەژێر سەرپەرشتی جۆزێ مۆرینیۆ لە 2017 نازناوەکەی بردووەتەوە، یانەکە لەم وەرزەدا ئاست و ئەنجامەکانی خراپن و لە پرێمەرلیگدا لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەمشەو دەیەوێت سوود لەم هەلە مێژووییە وەربگرێت بۆ ئەوەی هەم نازناوی دووەمی یۆرۆپالیگ بباتەوە، هەمیش لە رێگەی بردنەوەی نازناوەکەوە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای وەرزی داهاتوو بکات.
بەر لە یارییەکە هەریەکە لە جۆشوا زیرکزی، دیۆگۆ دالۆت و لێنی یۆرۆ گەڕاونەتەوە نێو مەشق و راهێنانەکانی یانەکە و بۆ یارییەکە ئامادەن.
یانەی تۆتێنهام پێشتر نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەی نەبردووەتەوە، یانەکەش بەهەمان شێوەی مانچێستەر یونایتد ئەم وەرزە لە دۆخێکی خراپدایە، دوایین دوو یاریی لە پرێمەرلیگدا دۆڕاندووە و ئێستا لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە.
تۆتێنهام پێشتر لە 2019 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەدەستداوە و لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر لیڤەرپوولی هاونیشتمانی دۆڕا، ئەمجارەش دوو یانەی دیکەی ئینگلتەرا یارییەکی دیکەی کۆتایی لەسەر ئاستی ئەورووپا ئەنجامدەدەن و سپێرز نایەوێت ئەم هەلە مێژووییە بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی ئەورووپی لەدەستبدات.
تۆتێنهام لەم وەرزەدا 3 یاریی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد ئەنجامدا، لە پرێمەرلیگدا لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا لەو یانەیەی بردووەتەوە و لە قۆناخی هەشتی کاراباو کەپیش یانەکەی دوورخستەوە، یانەکە لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی چوارەم بردنەوەی لەم وەرزەدا بەرامبەر مان یونایتد تۆماربکات و نازناوەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ