ئەمشەو خولی سعودی کۆتاییدێت و نەسڕ و هیلال رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەسڕ خولی سعودی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی سعودی کۆتاییدێن، پاڵەوانی وەرزەکە یەکلادەبێتەوە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەسڕ لەبەردەم هەلی بردنەوەی نازناوەکەدان.
 
کاژێر 21:00 سەرجەم یارییەکانی خولی سعودی لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی خولەکەدا لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن.
 
یانەی نەسڕ، پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی زەمک یاریی دەکات و دەیەوێت نازناوی خولەکە بباتەوە.
 
نەسڕ لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات، پێنج رۆژ لەمەوبەر نازناوی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیای لە یاریگای خۆیدا لەدەستدا و نایەوێت ئەم نازناوەشی لە دەستبچێت.
 
7 ساڵە نەسڕ نەبووەتە پاڵەوانی خولی سعودی، ئەم وەرزە چاوی لەوەیە بە سەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆتایی بە چاوەڕوانییەکانی بهێنێت.
 
لەدەستدانی نازناوی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا، لەلایەن تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، بەتایبەت کە یارییەکە لە یاریگەی ئەول پارک بەڕێوەچوو، کاردانەوەی زۆر گەورەی دروستکرد، بەتایبەتیش ئەو دیمەنانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە لە دوای یارییەکەدا لە چاوی کامێراکاندا دەرکەوت.
 
نەسڕ بە جیاوازیی دوو خاڵ لەگەڵ یانەی هیلال لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، لە هەمان کاتی یاریی نەسڕ و زەمک، یاریی نێوان هەردوو یانەی هیلال و فەیحا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەگەر لە خولی سعودیدا دوو یانە هەمان ژمارەی خاڵیان هەبێت، پشت بە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ دەبەسترێت، بۆیە ئەگەر ئەمشەو نەسڕ یەکسانبوو و هیلال بردییەوە، نەسڕ ئەو نازناوەش لەدەستدەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە