رووداو دیجیتاڵ
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی پلانەکانی یانەکە بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی نوێ و شوێنگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، قسەی کرد و رایگەیاند کە قەرەبووکردنەوەی ئەو یاریزانە کارێکی زۆر سەختە.
دیکۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی لالیگا، کە یانەی بارسێلۆنا بۆ یاریزانەکانی رێکیخستبوو، ستایشی لیڤاندۆڤسکی کرد کە بە فەرمی لە یانەکە جیا دەبێتەوە و گوتی "ئەمڕۆ رۆژێکی خەمناکە، چونکە رۆیشتنی رۆبێرت بووە فەرمی. دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ ئەو نزیکە لە مەحاڵ، ئەو باشترین هێرشبەری ساڵانی رابردوو بووە و ئەوەی پێشکێشی بارسای کردووە دووبارە نابێتەوە.
بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا لە درێژەی قسەکانیدا کە رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤو' بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کاتی بڕیاردانە بۆ بەهێزکردنی تیپەکە.
سەبارەت بە دەنگۆی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید یان جواو پێدرۆ لە چێڵسی، دیکۆ خۆی لە ناوهێنانیان بەدوور گرت و گوتی"ئێمە دەرگا بە رووی هیچ یاریزانێکدا داناخەین، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە.
سەبارەت بە کێشە داراییەکان و یاسای (1-1)ی لالیگا بۆ بازاڕی گواستنەوە، دیکۆ رایگەیاند"ئەمانە پرسی ناوخۆیین، بەڵام ئەوەی گەرەنتی دەکەین ئەوەیە کە وەک هەموو ساڵێک کار دەکەین بۆ ئەوەی تیپەکەمان بەهێزتر بکەین، بەتایبەت دوای لەدەستدانی یاریزانێکی گرنگی وەک لیڤاندۆڤسکی.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی 2022 لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد. لە ماوەی 4 وەرزدا لەگەڵ بلۆگرانا، 191 یاری ئەنجامدا و توانی 119 گۆڵ تۆمار بکات و 24 ئەسیستیشی هەبێت، پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بە فەرمی کۆتایی بە گەشتەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ