رووداو هەولێر
یەکێتیی لەشجوانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا پاڵەوانێتیی لەشجوانی کوردستان لە شاری هەڵەبجەی شەهید بەبەشداری زیاتر لە 100 یاریزان ساز بکات.
یەکەمجارە شاری هەڵەبجە میوانداریی جۆرە پاڵەوانێتییەکی وا دەکات، کە یەکێتیی لەشجوانیی کوردستان بە هەواهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان و پارێزگاری ئەو شارە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە.
بڕیارە رۆژی 24ـی ئەم مانگە تەواوی یاریزانە بەشدارەکان کێش و باڵایان دیاری بکرێت، رۆژێک دواتر پاڵەوانێتییەکە لەنێو هۆڵی داخراوی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی هەڵەبجە دەستپێدەکات.
عادل کەمال، سەرۆکی یەکێتیی لەشجوانی کوردستان لەو بارەیەوە بۆ رووداو گوتی "وەک خزمەتێک بەشاری شەهیدان و قوربانیانی کیمیاباران، ئەو پاڵەوانێتییەمان بردەوە شاری هەڵەبجە و چاوەڕوان دەکەین بەجوانترین شێوە پاڵەوانەکان ستەیجی نمایشەکان گەرم و گوڕ بکەن".
یاریی لەشجوانی لە هەرێمی کوردستان هەوادارێکی زۆری هەیە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆری توێژی لاوان لەسەر ئاستی کوڕان و کچان روو لە سەنتەر و هۆڵەکانی یارییەکە دەکەن، کوردستان خاوەنی دەیان پاڵەوانی جیهانی یارییەکەیە و تا دێت دەسکەوتی لەشجوانانی کوردستان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان زیاد دەکات.
سەرۆکی لەشجوانانی کوردستان زیاتر روونیکردەوە "زیاتر لە 100 لەشجوان بەشدارن و ململانێییەکی بەهێز دەکەن، پاڵەوانێتیی کوردستان دەرفەتێکی باشە بۆ دەرکەوتنی ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرز بۆ ئەوەی بتوانن هەنگاو بەرەو پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بنێن".
دوای بەپارێزگابوونی ئەمە دووەم پاڵەوانێتییە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، لە چەند رۆژی رابردوو قۆناخی یەکەمی خولی بالەی یانە نایابەکانی خانمانی عێراق لەو شارە ئەنجامدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ