ئارسیناڵ و ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی لووتکە دەکەن

21-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ بەردەوامبێت، کاتێک بەرامبەر یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی یاری دەکات.
 
ئەمشەو لە یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێشدا کاژێر 22:00 ئارسیناڵی ئینگلیزی لە ئیماراتس میوانداریی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
 
ئارسیناڵ لە دۆخێکی زۆرباشدایە، لە پرێمەرلیگ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و لە چامپیۆنزلیگیشدا دوو بردنەوەی لەسەریەکی هەیە و چاوی لە بردنەوەی سێیەمە و دەیەوێت زیاتر لە پێشەنگی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ نزیکببێتەوە.
 
ئارسیناڵ بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو ژمارەی بردنەوەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا دەگەیێنێتە 100 بردنەوە.
 
گانەرز لە هەشت یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 7 بردنەوە و یەک یەکسانبوونی هەیە و ئەمشەو دەیەوێت لەسەر ئەو ئەنجامە باشانەی بەردەوامبێت.
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ جاری دووەم لەم وەرزەدا لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەیەکی ئینگلیزی یاری دەکات، بەڵام ئەمجارە نایەوێت بدۆڕێت و چاوی لە بردنەوەیە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ یاری دەکات و دەیەوێت سەرکەوتنەکانی ئەو یانەیە رابگرێت و دووەم بردنەوەی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات.
 
شەوی دووشەممە یانە ئیسپانییەکە دوایین مەشقەکانی لە یاریگەی ئیماراتس ئەنجامدا، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "یاریزانانی یانەکە بە تووڕەییەکی زۆرەوە لە یاریگە چوونەتە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی یاریگەکە ئاوی گەرمی تێدا نەبووە بۆ ئەوەی دوای مەشقەکان یاریزانەکان خۆیان بشۆن، ئەمەش یانەکەی نیگەرانکردووە."
 
رۆخی بلانکۆس لە دوو یاریی رابردوودا، یارییەکی بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕاندووە، دوای ئەوەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینتراخت فرانکفۆرتی بردەوە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە وەرزی 2017-2018 دوو یاریی لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگدا بەرامبەر ئارسیناڵ ئەنجامدا، لە یارییەکدا یەکسانبوون و یارییەکی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە