پاریس چاوی لە بردنەوەی سێیەمە و براوەی باڵۆندۆر ئامادەیە

21-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عوسمان دێمبێلێ پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عوسمان دێمبێلێ لە پێکان گەڕاوەتەوە و دەیەوێت هاوکاریی یانەی پاریس سانجێرمان بکات بۆ بەدەستهێنانی سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا.
 
لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگدا، کاژێر 22:00 یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی وەرزی رابردوو، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە بای ئارێنا بەرامبەر یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەی سێیەمی لەسەریەک تۆماربکات.
 
عوسمان دێمبێلێ دوای زیاتر لە مانگێک دوورکەوتنەوەی بەهۆی پێکانەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەیدا کرد و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە، مارکینیۆس چەند هەفتەیەک بەهۆی پێکانەوە یاریی نەدەکرد، بەڵام ئەویش گەڕاوەتەوە و ئامادەیە.
 
پاریس سانجێرمان لە دوو گەڕی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و چاوی لە بردنەوەی سێیەمە، بایرلیڤەرکوزن بەرامبەر کۆپێنهاگن و ئایندهۆڤن یاریی کردووە و لە هەردوو یارییەکەدا یەکسانبووە، دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات، بەڵام ئەرکیان زەحمەتە.
 
هەردوو یانە لە وەرزی 2013-2014 دووجار لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکبوونەوە، پاریس سانجێرمان هەردوو یارییەکەی بردەوە.
 
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "ئێمە کەم تا زۆر دەمانەوێت هەمان ئەو شتانەی وەرزی رابردوو بەدەستبهێنین و زۆرترین خاڵ کۆبکەینەوە، دێمبێلی یاریزانێکی زۆر جیاوازە و دڵخۆشین بە گەڕانەوەی، مارکینیۆس و دێزری دۆوێش بۆ یارییەکە ئامادەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە