ململانێ راستەقینەکەی ئێمباپێ و خلێفی دەستیپێکرد

23-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ناسر خلێفی پاریس سانجێرمان ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەگەر ئێمباپێ دەیەوێت بمێنێتەوە، پێویستە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ناکرێت و ناگونجێت، بێبەرامبەر دەستبەرداری یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان ببین، ئەمە روونە و نە من و نە هیچ کەسێکیش لە پاریس سانجێرمان گەورەتر نییە، ئەمە دوایین پەیامی راستەوخۆی ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانە فەرەنسییەکەیە لەبارەی کیلیان ئێمباپێ.
 
پاریس دوای دوورخستنەوەی کیلیان لە کەمپی مەشقەکانی لە ئاسیا، بە هەموو جیهانی گوت، هەنگاوەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە گەیشتوونەتە بنبەست و ئێستا ئێمباپێ بۆ فرۆشتنە، بۆ ئەوەش یانەکە ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ هەریانەیەک بکات، کە داوای یاریزانەکە بکات، لەکاتێکدا ئێمباپێ جگە لە ریال مەدرید و سانتیاگۆ بێرنابیۆ بیر لە هیچ یانەیەکی دیکە ناکاتەوە.
 
ئێمباپێ نایەوێت لەم هاوینەدا لە پاریس سانجێرمان بڕوات و پاداشتە داراییەکەی لەدەستبدات، پاریس سانجێرمانیش بەهیچ شێوەیەک رازی نییە، یاریزانەکە بەبێ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بمێنێتەوە و وەرزی داهاتوو بێبەرامبەر یانەکە بەجێبهێڵێت، بۆیە ئێستا ناسر خلێفی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە یاریزانەکە رازی بکات لەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات.
 
پاریس هەڕەشەی ئەوەی لە ئێمباپێ کردووە، ئەگەر لە یانەکە بمێنێتەوە لە لیستی چامپیۆنزلیگ دووریدەخەنەوە و بەدرێژایی وەرزی نوێش لەسەر کورسیی یەدەگ دەبێت، نزیکەکانی کیلیان دەڵێن "ئێمباپێ رازییە ئەم رکابەرییەش تاقیبکاتەوە و لەسەر کورسی یەدەگ بێت، لەپێناو وەرگرتنی پاداشتە داراییەکەی و چوونی بۆ ریال مەدرید."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ناسر خلێفی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە موڵەتی بە ئێمباپێ داوە بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات، 15ـی ئەم مانگەش لەکاتی گەڕانەوەی یاریزانەکەدا ئەو داواکارییەی بۆ یاریزانەکە دووپاتکردووەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوتووە.
 
ترسی پاریس لەوەیە ئێمباپێ لەژێرەوە رێککەوتنی لەگەڵ ریال مەدرید کردبێت، بۆ ئەوەی لە هاوینی 2024 بێبەرامبەر بچێتە یانە ئیسپانییەکە، چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێن "لە رۆژانی داهاتوودا پاریس سانجێرمان پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات بۆ ئەوەی یانە ئیسپانییەکە رازی بکات لەم هاوینەدا یاریزانەکە بکڕێت، بەڵام لە ئەگەری رازیبوونی ریال مەدریدیش گواستنەوەکە بەو شێوەیە دەبێت کە پێرێز دەیەوێت نەک ناسر خلێفی.
 
لەلایەکی دیکەوە لە سعودیە دەستەوارە بۆ ئێمباپێ ئامادەکراوە، هیلال ئامادەیە 600 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە خەرج بکات، 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاریس سانجێرمان و 400 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا وەک مووچە بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە، پاریس ئەمەی بەدڵە و ئامادەیە کیلیان بفرۆشێت، بەڵام کێ ئێمباپێ رازی دەکات، کێ دەتوانێت خۆشەویستیی درێسە سپییەکەی ریال مەدرید لە بیرکردنەوەی یاریزانە فەرەنسییەکەدا دەربهێنێت، ئەوەیان دیارنییە.
 
گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت، بەندێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە رێگەدەدات تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام یاریزانەکە بە پاریس سانجێرمانی گوتووە کار بەو بەندەی گرێبەستەکەی ناکات، لێرەوە هەموو شتێک تێکچوو و پاریس گەیشتە ئەو بڕیارەی کە دەبێت ئیدی ئێمباپێ خۆی یەکلابکاتەوە، یان نوێکردنەوە یانیش رۆیشتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە