چیرۆکی تۆم باراک و خاوەنداریەتیی پاریس سانجێرمان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆم باراک پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی ئێستای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کارووباری سووریا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وەرزش هەیە و پێشتر شەش ساڵ خاوەنی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بووە، بەڵام هەرگیز نازناوی خولی وڵاتەکەی نەبردووەتەوە.
 
هەمووان ئێستا کەم یان زۆر زانیارییان لەبارەی ئەو کەسایەتییەوە هەیە، بەڵام رەنگە کەم بن ئەوانەی بزانن کە باراک، بەر لە ناسر خلێفی، خاوەنداریەتیی یانەکەی کردووە.
 
چیرۆکی ملیاردێری ئەمریکی تۆم باراک لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان، یەکێکە لە پڕبایەخترین و سەرنجڕاکێشترین قۆناخەکانی مێژووی یانە فەرەنسییەکە. ئەم قۆناخە وەک پردێک وابوو کە یانەکەی لە لێواری مایەپوچبوون و داڕمانی وەرزشییەوە گواستەوە بۆ سەردەمی دەوڵەمەندی و کۆنتڕۆڵی قەتەرییەکان.
 
باراک چۆن پاریس سانجێرمانی کڕی؟
 
لە ساڵی 2006، پاریس سان جێرمان بەدەست قەیرانی دارایی توند و ئەنجامی وەرزشی زۆر خراپەوە دەیناڵاند لەژێر خاوەندارێتی تۆڕی "کەناڵ پڵەس". تۆم باراک، کە وەبەرهێنەرێکی خانووبەرەی ئەمریکییە و بە رەچەڵەک لوبنانییە و دامەزرێنەری کۆمپانیای کۆلۆنی کاپیتالە (Colony Capital)، دەرکەوت.
 
کۆمپانیای "کۆلۆنی کاپیتال" بە هاوبەشی لەگەڵ "مۆرگان ستانلی" و "باتلەر کاپیتال" یانەکەیان بە تەنیا 41 ملیۆن یۆرۆ کڕییەوە. بۆ باراک، یانەکە تەنیا تیپێکی تۆپی پێ نەبوو، بەڵکو "سامانێکی خانووبەرەی" بەنرخ بوو کە خۆی لە یاریگای "پارک دی پرێنس" و شوێنە ستراتیژییەکەی لە دڵی پاریسدا دەبینییەوە.
 
لە ژێر خاوەندارێتی تۆم باراک و کۆمپانیاکەیدا، هاندەرانی پاریس سان جێرمان خراپترین کاتەکانیان بەڕێ کرد:
 
*لە رووی وەرزشییەوە: یانەکە لە چەند وەرزێکدا خەریک بوو بۆ پلە دووی فەرەنسا دابەزێت.
 
*لە رووی ئەمنییەوە: توندوتیژی زۆر لە نێوان گروپەکانی "ئاڵتراس" دروست بوو، کە بووە هۆی کوژرانی هاندەرێک و سەپاندنی رێکاری توند بۆ پاککردنەوەی پەیژەکانی یاریگە.
 
*لە رووی داراییەوە: باراک پارەی زۆری بۆ کڕینی یاریزانان خەرج نەدەکرد، بەڵکو زیاتر جەختی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی نرخی یانەکە دەکردەوە.
 
تۆم باراک و نێوەندگیریی سیاسی
 
ئەوەی تۆم باراکی جیا دەکردەوە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییە فراوانەکانی بوو، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. باراک هاوڕێیەکی نزیکی نیکۆڵا سارکۆزی (سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا و هاندەری سەرسەختی پاریس) بوو.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییە، سارکۆزی رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە رازیکردنی قەتەرییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە یانەکەدا بکەن و رزگاری بکەن، ئەمەش رێک لەگەڵ خواستی باراکدا دەگونجا کە دەیویست بە "قازانجێکی باش" لە یانەکە بچێتە دەرەوە.
 
گرێبەستە گەورەکە: فرۆشتنی بە قەتەر 2011
 
لە ساڵی 2011، باراک توانی گرێبەستە مێژووییەکە ئەنجام بدات. 70٪ـی پشکەکانی یانەکەی بە کۆمپانیای وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەر (QSI) فرۆشت و لە ساڵی 2012دا 30٪ـی مابووەوە، ئەوانیشی پێ فرۆشتن.
 
نرخی کۆی گرێبەستەکە بە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆمەزەندە کرا، ئەمەش قازانجێکی باشی بۆ باراک و کۆمپانیاکەی تۆمار کرد بە بەراورد بەو نرخەی کە پێی کڕیبوو.
 
 
دوای نەمانی تۆم باراک، پاریس سان جێرمان بوو بە زەبەلاحێکی ئابووری و وەرزشی و سەردەمی ئەستێرە گەورەکانی وەک زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، نەیمار، ئێمباپێ، مێسی و چەندین ئەستێرەی دیکە دەستی پێکرد. تۆم باراکیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر بەردەوام بوو و لەگەڵ قەتەرییەکان بازرگانیی دەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە