رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین باس لە دۆخی هەڵبژاردەکەی لە دوای بردنەوەی مۆندیال و داهاتووی لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکە دەکات.
سکالۆنی دوای ئەنجامدانی یەکەم یەکەی راهێنان بۆ یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر پەنەما، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "سوپاسی یاریزانەکانم دەکەم بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیال، بەڵام بۆ ئەوانم روونکردووەتەوە کە دەبێت بەردەوامبین، ئێستا ئێمە چەند رۆژێکمان هەیە بۆ ئاهەنگگێران، چونکە لەنێو گەلەکەمان یارییدەکەین."
راهێنەری تانگۆ زیاتر دەڵێت "هەڵبژاردەی ئێستای ئەرجەنتین پێویستە کاروانەکەی بەردەوامبێت و پێویستیمان بە تێچووی زیاتر هەیە وەک لە جاران، چونکە ئەوان دەیانەوێت نازناوی زیاتر ببەن و دەمانەوێت توانایەکی زیاتر و گڕوتینێکی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی کاروانەکە بەردەوامبێت و یاریزانەکانیش گەشەی زیاتر بکەن، چونکە کارەکە قورستر بووە".
سکالۆنی لەبارەی داهاتووی لیۆنێل مێسی، لەگەڵ ئەرجەنتین بە رۆژنامەڤانانی گوت "تایبەت بە لیۆنێل مێسی، بارودۆخی مێسی سادەیە، ئەو لە دۆخێکی باشدایە و دەیەوێت یاری بکات، دەیەوێت بگەرێتەوە، تاوەکو دۆخەکە جیاواز دەبێت بەردەوام دەبێت لە کارەکەی، کاتێک پێم بڵێت نایەوێت بگەڕێتەوە، دەزانم چی دەکەم و هەوڵدەدەم رازیی بکەم بۆ ئەوەی بیرۆکەکەی بگۆڕێت، ئەو ئێستا لە یاریگەدا دڵخۆشە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانییە و ئەوەش بۆ ئێمە شتێکی زۆرباشە".
دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، گرێبەستی لیۆنێل سکالۆنی تاوەکو ساڵی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەکە نوێکرایەوە، دوای ئەوەش بەهۆی بردنەوەی نازناوەکە، راهێنەری تانگۆ خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین راهێنەری جیهان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ