ئەستێرەکانی تۆپی پێ ماڵئاوایی لە کرووس دەکەن

22-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەستێرەی ئەڵمانی و یانەی ریال مەدرید بڕیارییداوە لە دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، ئەستێرەکانی تۆپی پێ بە پەیامی جیاواز ماڵئاوایی لە مایسترۆ ئەڵمانییەکە دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەی ریال مەدرید وازهێنانی تۆنی کرووسی لە دوای یۆرۆی 2024 راگەیاند، یاریزانەکەش لە پەیامێکدا گوتی "دەمەوێت لە ئاستێکی بەرزدا واز لە یارییکردن بهێنم."
 
دوای ئەم بڕیارە هەر زوو یاریزانانی تۆپی پێ پەیامی ماڵئاواییان بۆ ئەستێرەکەی ریال مەدرید بڵاوکردەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی نەسڕی سعودی، پەیامێکی بۆ تۆنی کرووس نارد و دەڵێت "سوپاس بۆ هەموو شتێک تۆنی، شەرەفێکی گەورەیە کە لەگەڵ تۆ یاریمکردووە و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لە داهاتوودا."



لوکا مۆدریچ پەیامێکی سەرنجڕاکێشی بۆ تۆنی کرووس نووسیووە و تێیدا هاتووە "تۆنی ئازیز، زەحمەتە ئەم وشانە بنووسم. جیهانی تۆپی پێ بەهۆی رۆیشتنی یاریزانێکی مێژووییەوە دڵتەنگە و دان بەوەدا دەنێم کە منیش زۆر دڵتەنگم.بەڕاستی چێژم لە یاریکردن لەگەڵ تۆ وەرگرت، ئەوە شەرەفێکی راستەقینە بوو کە لەگەڵ تۆ لە ناوەڕاستی یاریگەی ریال مەدرید یاری بکەم. تۆ هەندێک تایبەتمەندیت هەیە کە واتلێدەکەن یاریزانێکی تایبەت و کەموێنە بیت، هەرگیز تۆنی کرووسێکی دیکە نابێتەوە. هاوڕێکەم، تۆ ئەفسانەی ئەم وەرزشە و ئەفسانەی ریال مەدریدیت.."

 

مۆدریچ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "تۆ هەموو شتێکت بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا یەک شت ماوە.. پێکەوە بەرەو پازدەیەمین."
 
کەریم بنزیما، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی ئیتیحادی سعودی ماڵئاوایی لە تۆنی کرووس دەکات و دەڵێت "زۆر بەبەختبووم کە هاوشانی تۆ یاریمکردووە، تۆ یاریزانێک لە ئاستی یەکەمدا، تۆ ئەفسانەی."


دانی کارڤاخاڵ، کاپتنی یانەی ریال مەدرید پەیامێکی پڕ خۆشەویستیی ئاراستەی هاوڕێکەی دەکات و تێیدا هاتووە "تۆ خۆشەویستی هەمووانی. پیاوێکی بەڕێزی.هەمیشە شانازی بەوە دەکەم کە لەگەڵ تۆ یاریم کردووە. رۆژێک بۆ منداڵەکانم باسی هەموو ئەو شتانە دەکەم کە پێکەوە لەنێو یاریگەدا بەدەستمانهێناون. سوپاس بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بەشداریتان کردووە لە تیپەکەدا و بۆ ئەوەی ئیلهامێکی بەردەوام بووی بۆ هەموومان. چیرۆکەکە لێرە کۆتایی نایەت. دوا ئەرکمان پێکەوە ماوە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ماڵئاوایی. بۆ پازدەیەمین چامپیۆنزلیگ."

 
مارسێلۆ، بەرگریکاری بەرازیلی و پێشووی یانەی ریال مەدرید لە پەیامێکدا بۆ ماڵئاواییکردن لە تۆنی کرووس دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژێکی خەمبارە بۆ تۆپی پێ، خۆشەویستەکەم کرووس، زۆر قورسە قبوڵی بکەین کە چیدیکە ناتوانین چێژت لێ وەربگرین، لە دوای هاتنت بۆ مەدرید، کوالێتی و خۆشەویستی خۆتت بۆ یارییەکە و ئامانجە سەرنجڕاکێشەکانت بۆ درێژەدان بۆ بردنەوە پێشاندا."



بەرگریکارە بەرازیلییەکە دەڵێت "هاندەرانی ریال مەدرید و جیهانی تۆپی پێ وەکو یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکان بیرت دەکەن، زۆر دڵخۆشم و شانازی بەوەوە دەکەم کە هاوشانی تۆ یاریمکردووە، سوپاس بۆ هەموو شتێک، تۆنی ئێستا ئەرکی کۆتایی ماوە، کە بردنەوەی نازناوی پازدەیەمە."
 
ریکاردۆ کاکا، ئەستێرەی بەرازیلی و پێشووی یانەی ریال مەدرید لە پەیامێکدا دەڵێت "پیرۆزە تۆنی کرووس، ئەوە چ کاروانێکی بێ وێنە بوو، هەلا مەدرید."

کاسێمیرۆ، ناوەڕاستکاری پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای مانچێستەر یونایتد لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "خۆشەویستەکەم کرووس، هاوبەشی پاڵەوانەکان و هاوڕێ هەمیشەییەکەم، دەزانیت کەی ماڵئاوایی دەکەیت، بۆیە بەشانازی و پێکەنینەوە ئاوڕێک لەو رابردوویە بدەرەوە کە بەدەستتهێناوە."
 
کاسێمیرۆ هێشتا نووسیوویەتی "تەنیا یەک کرووس هەیە، هەمووان چێژیان لێ دەبینی، بەتایبەت من و لوکیتا، بەڵام لە راستیدا وێنەکە ئەمەیە تۆنی، تۆنی."


یاریزانە بەرازیلییەکە دەڵێت "زۆر بەبەختبووم کە هاوشانی تۆ یاریمکردووە و زۆر دڵخۆشبووم."
 
جود بێلینگهام، ئەستێرەی ئینگلیزی و یانەی ریال مەدرید لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "ساڵێک بەتەنیا بەس نەبوو، سوپاس بۆ هەموو ئەوەی پێشکێشی یارییەکەت کرد، زۆر بەختەوەرم و چێژم لە یارییکردنەکەت بینیووە، لە کەسایەتییەک، وەکو هاندەرێک و زیاتر لە هاوڕێ لە تیپەکەدا."
 
جود دەڵێت "هێشتا کاری زیاتر ماوە لەم وەرزەدا، بەڵام هیوای سەرکەوتن بۆ تۆ و ماڵباتەکەت دەخوازم، ئەفسانە."

 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەبارەی ماڵئاواییکردنی تۆنی کرووس دەڵێت ""تۆنی کرووس یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی ریال مەدریدە، ئەم یانەیە هەمیشە وەکو ماڵی ئەو دەمێنێتەوە."
 
تۆنی کرووس لە ساڵی 2014ـەوە لە یانەی ریال مەدرید یاریی دەکات، بەشێکی گرنگی سەرکەوتنەکانی یانەکە تێیدا بەشدار بووە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەدرێسی یانەکەوە ئەو یاریزانە 22 نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، 463 یاریی بۆ یانەکە ئەنجامداوە، 4 چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، 5 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 4 جامی سوپەری ئەوروپا، 4 نازناوی خول، 1 نازناوی جامی شای ئیسپانیا و 4 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە