فەرمی.. مانچێستەر سیتی گرێبەستێکی مێژوویی راگەیاند

23-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عومەر مەرمووش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی، گرێبەستکردنی لەگەڵ عومەر مەرمووش، ئەستێرەی میسری و یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی راگەیاند و ئەو یاریزانە دەبێتە گرانترین گرێبەستی تۆپی پێی میسر لە مێژوودا.
 
یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستەکەی راگەیاند و دەڵێت "یانەی مانچێستەر سیتی بە خۆشحاڵییەوە گواستنەوەی عومەر مەرمووش لە یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتەوە بۆ یانەکە رادەگەیێنێت، هێرشبەرە میسرییەکەی گرێبەستەکەی بۆ چوار ساڵ و نیو دەبێت و تاوەکو هاوینی 2029 لە یانەکە دەمێنێتەوە."
 
مانچێستەر سیتی ئاماژەی بە نرخی گواستنەوەی یاریزانەکە نەکردووە، بەڵام بەرامبەر 75 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ کراوە و دەبێتە یەکەم یاریزانی میسری لە مێژووی تۆپی پێدا بەو نرخە زۆرە گواسترابێتەوە و یەکەم یاریزانی میسریشە لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا یاری بکات.
 
دوای پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە عومەر مەرمووش گوتی "زۆر دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بە یانەکەوە و بەڕاستی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕیی ئەوە بوو زیاتر بەرەو پێشەوە بچم، لەگەڵ یاریزانەکان کۆببمەوە و پێشانی هاندەرانی مانچێستەر سیتی بدەم کە دەتوانم چی بکەم."
 
مەرمووش زیاتر دەڵێت "لەگەڵ پێپ گواردیۆلا و ستافی هونەری هەست بە ئارامییەکی زیاتر دەکەیت و هاوکارت دەبێت بۆ ئەوەی لە ئاستێکی بەرزدا یاری بکەیت، یاریزانەکان هەموو شتێکیان هەیە کە پێویستە بۆ پێشکەوتن و بوون بە سەرکەوتووترین یانەی ئینگلتەرا، بۆیە دەزانم پەیوەندیم بە ژینگە و کەلتورێکی براوە کردووە و دەمەوێت لە ستاف و هاوڕێکانم فێرببم، دەمەوێت ببمە ئەندامێکی گرنگی ئەم تیپە براوەیە."
 
ئەستێرە میسرییەکە بە ماڵپەری یانەی مانچێستەر سیتی گوت "ئەمە رۆژێکە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، گرێبەستکردن لەگەڵ مان سیتی، کە یەکێکە لە باشترین تیپەکانی جیهان، هەستێکی زۆر خۆشە، زۆر دڵخۆشم و خێزانەکەم زۆر شانازی دەکات، هەموومان دڵخۆشین لێرە لە مانچێستەر."
 
عومەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "من لە هەموو هێڵێکی یاریگە هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، لە هەر شوێنێک یاری بکەم، هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکەم بکەم، من یاریزانێکی خێرام، مامەڵەم لەگەڵ تۆپ باشە و مەترسیدارم."
 
عومەر مەرمووش تەمەنی 25 ساڵە، لەم وەرزەدا بەدرێسی ئینتراخت فرانکفۆرتەوە 26 یاریی ئەنجامداوە، 20 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە