رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بووە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی جیهاندا، لە وەرزێکدا داهاتی ملیارێک یۆرۆ بەدەست بهێنێت.
نوێترین راپۆرتی 'دیلویت فوتبۆڵ مۆنی لیگ' ئاشکرایکردووە ریال مەدرید لە وەرزی 2023 - 2024 کۆی ملیارێک و 46 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە و ئەوەش بەرزترین بڕی داهاتە یانەیەک لە مێژوودا بەدەستی بهێنێت.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، یانەی خاوەن دووەم زۆرترین داهاتی وەرزەکە، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزییە کە 838 ملیۆنی بەدەستهێناوە و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بە 806 ملیۆن یۆرۆ، خاوەن سێیەم زۆرترین داهاتە لە ساڵەکەدا.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، تەواوبوونی نۆژەنکردنەوە و فراوانبوونی یاریگەی سانتیاگۆ بیرنابیۆ بووەتە هۆکارێکی سەرەکی لە زیادبوونی داهاتەکانی یانەکە، چونکە تەنیا داهاتی یانەکە لە رۆژانی یارییکردندا بۆ 248 ملیۆن یۆرۆ زیادیکردووە.
ریال مەدرید هەروەها لە وەرزەکەدا سوودی لەزیادبوونی داهاتە بازرگانییەکانی بینیوە کە 19 لەسەد بەراورد بەوەرزی پێشوو زیادیکردووە و یانەکە لە وەرزەکەدا نازناوی هەریەکە لە چامپیۆنزلیگ، لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.
بەپێی هەمان راپۆرت، یانەی مانچێستەر یونایتد پلەی چوارەمی خاوەن زۆرترین داهات بووە لە وەرزەکەدا کە 771 ملیۆن یۆرۆی پەیداکردووە.
دیلیویت دەڵێ لە ماوەی 28 ساڵی رابردوودا کە راپۆرتی داهاتی ساڵانەی یانەکانی ئەورووپامان ئامادەکردووە، هیچ کاتێک رووینەداوە جیاوازیی داهات لە نێوان یانەی پلەی یەکەم و پلەی دووەم هێندە زۆر نەبووە.
تیۆ ئەجادی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گرووپی وەرزش لە دیلویت دەڵێ، "یەک ملیار یۆرۆ داهاتێکی زۆر گەورەیە لە تۆپی پێدا".
ئەو روونیدەکاتەوە، نۆژەنکردنەوەی یاریگەی یانەکە و زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی بووەتە هۆکاری زیادبوونی بەرچاوی داهاتی یانەکە.
بەپێی هەمان راپۆرت، کۆی گشتی 20 یانەی یەکەمی پێشەنگی جیهان لە داهاتدا، 11 ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ بووە، ئەوەش زیادبوونە بەڕێژەی 6 لەسەد لە کۆی گشتیی سەرجەم بیست یانەی یەکەمی ئەورووپا.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، بایرن میونشنی ئەڵمانی پلەی پێنجەمی زۆرترین داهاتی لە ساڵەکەدا هەبووە. لە کاتێکدا بارسێلۆنا بۆ پلەی شەشەم دابەزیوە بەهۆی چوونە دەرەوەی لە یاریگەی کامپ نو و دەستکردن بەنۆژەنکردنەوەی ئەو یاریگەیە.
لە کۆی 20 یانەی خولی پرێمەرلیگ، نۆ یانە لە ریزبەندی بیست یانەی خاوەن بەرزترین داهاتی وەرزەکەدان. ئارسیناڵ پلەی حەوتەمی گرتووە و لیڤەرپوول لە پلەی هەشتەم دێت، لە کاتێکدا تۆتێنهام نۆیە و چێڵسی دەیەمە.
ئەجادی دەڵێت، "هێشتا پرێمەرلیگ دەستی بەسەر لیستی یانەکاندا گرتووە کە زۆرترین داهاتیان هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جیاوازییەکی زۆر هەیە لە داهاتی مافی پەخشکردنی یارییەکان کە ئەوان بەدەستی دەهێنن. ئەمە زۆرترین خولە لەناو پێنج خولە گەورەکەدا کە بینەری هەیە و ئەمەش وایکردووە ئەو پارانە بۆ ئەوە بەکاربهێنن کە لە ئەورووپا باشتر دەربکەون".
راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە تیپی خانمان لە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، خاوەنی زۆرترین داهاتە لەسەر ئاستی تیپەکانی خانمان و نزیکەی 18 ملیۆن یۆرۆی لە وەرزەکەدا بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا خانمانی ئارسیناڵ دووەمن بەبەدەستهێنانی زیاتر لە 17 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ