ئەربێلوا ئەمشەو سەرکێشی دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلڤارۆ ئەربێلوا یانەی ئێڵچی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا، ئەمڕۆ چەند گۆڕانکارییەک  لە پێکهاتەی تیپەکەیدا بەرامبەر ئێڵچی دەکات.
 
پێکانەکان و سیاسەتی پشوودان بە یاریزانان  پێش یاریی گەڕانەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ، کاریگەری دەکەنە سەر پێکهاتەی ریال مەدرید لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە بەرامبەر ئێڵچی لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی ئیسپانیا.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر گرنگیی بردنەوە لە ئێڵچی دەزانێت بۆ ئەوەی لە بازنەی کێبڕکێی نازناوی لالیگادا بمێنێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا بیری لای یارییەکەی چامپیۆنزلیگە، بۆیە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی 5 گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکیدا.
 
هەندێک لە یاریزانەکان لە یاریی رابردوودا بەهۆی پێکانەوە یاریگایان جێهێشت، وەک فێرلان مێندی کە لە نێوان هەردوو گێمدا گۆڕانکاری پێ کرا، لەکاتێکدا دوو یاریزانی دیکەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی پشوویان پێدراوە کە ئەوانیش ئەنتۆنیۆ رودیگێ و فێدی ڤاڵڤێردین.
 
پێشبینی دەکرێت هێڵی بەرگری چەند گۆڕانکارییەک بەخۆیەوە ببینێت، چونکە فران گارسیا تەنیا بەرگریکاری چەپی ئامادەیە لە تیپی یەکەمدا، ئەمەش وادەکات بەشداریی ئەو لە پێکهاتەی سەرەکیدا نزیک بێت لە دڵنیایی. هەروەها دەستەی هونەری نایەوێت سەرکێشی بە هەریەک لە ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و رودیگێر بکات دوای ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوودا بەدەست کێشەی جەستەییەوە دەیانناڵاند، بۆیە لەوانەیە ئەربێلوا پشت بە ئەسێنسیۆ و دانی کارڤاخال ببەستێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان.
 
جێگیربوون لە پێگەی گۆڵپارێز
 
تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی و دین هاوسنی بەرگریکار تەنیا ئەو دوو یاریزانەن کە پێگەی خۆیان لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەپارێزن بەراورد بە یارییەکەی مانچێستەر سیتی. سەرەڕای ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە ئەگەری پشوودان بە کۆرتوا دەکرد، بەڵام ئەربێلوا بەنیازی بەشداریکردن بە ئاندرێ لۆنینی ئۆکراینی نییە، ئەمەش واتا بەردەوامبوونی کۆرتوا لە پاراستنی گۆڵی یانەکە.
 
گۆڕانکاری لە هێڵی ناوەڕاست
 
لە یارییەکەی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، ئەربێلوا ئاماژەی بە هەندێک یاریزان کرد کە گەشتیان لەگەڵ تیپەکە نەکردبوو، وادیاربوو پەیامەکەی بۆ ئێدواردۆ کاماڤینگا بێت کە تیاگۆ پیتارچ لە چامپیۆنزلیگ جێگەی گرتبووەوە، بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە لە گێمی دووەمی یارییەکەدا بەشداری کرد، و پێشبینی دەکرێت بەرامبەر ئێڵچی وەک سەرەکی شانبەشانی ئۆریلین چوامینی و ئاردا گولەر دەستپێبکات، ئەمەش لەبەر ئارەزووی دەستەی هونەری بۆ پشوودان بە پیتارچ بۆ ئامادەکاری بۆ یارییە ئەوروپییەکە.
 
هێڵی هێرشبەری چاوەڕوانکراو
 
چاوەڕوان دەکرێت ئیبراهیم دیاز وەک هێرشبەری سەرەکی بەشداری بکات دوای ئەوەی لە یارییەکەی مانچێستەر سیتی باشبوونی ئاستی خۆی نیشان دا، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی لەدەستدانی لێدانی سزاوە لە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقادا کاریگەر ببوو. هەروەها لەوانەیە گۆنزالۆ دووبارە وەک سەرەکی دەستپێبکات و لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر دووانەیەکی هێرشبەر پێکبهێنن، ئەمەش وا دەکات ڤینیسیۆس مەودای زیاتری هەبێت بۆ جوڵە و سوودوەرگرتن لە بۆشاییەکانی پشت بەرگری تیپی بەرامبەر.
 
پێکهاتەی پێشبینیکراو:
 
بەهەموو لێکدانەوەکان، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو ئەلڤارۆ ئەربێلوا بەم پێکهاتەیەوە روووبەڕووی ئێڵچی ببێتەوە:-
 
گۆڵپارێز: تیبۆ کۆرتوا
 
هێڵی بەرگری: دانی کارڤاخال، ئەسێنسیۆ، دین هاوسن و فران گارسیا

هێڵی ناوەڕاست: ئیدواردۆ کاماڤینگا، ئۆرلیێن چوامینی و ئاردا گولەر
 
هێڵی هێرشبردن: ئیبراهیم دیاز، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و گۆنزالۆ گارسیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە