ئەربێلوا دوای دێربیی رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئەلڤارۆ ئەربێلوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرەڕای ئەوەی تیپەکەی لە دێربیی مەدریددا یارییەکی گەورەی پێشکەشکرد و بردنەوەیەکی گرنگیان بەدەستهێنا، ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە بەهۆی بەشداری پێکردنی کیلیان ئێمباپێ.
 
لە شەوێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا لە یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ، ریال مەدرید توانی شکستەکەی بگۆڕێت بۆ سەرکەوتنێکی گرنگ بەئەنجامی 3-2 بەرامبەر رکابەرەکەی، ئاتلێتیکۆ مەدرید. بەمەش هیوای خۆی لە کێبڕکێی نازناوی لالیگا بەزیندوویی هێشتەوە، سەرەڕای بەردەوامی سەرکەوتنەکانی بارسێلۆنا کە وایکردووە جیاوازی نێوان هەردوو تیپەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، لە کاتێکدا تەنیا 9 گەڕ بۆ کۆتایی وەرز ماوە.
 
شیکردنەوەیەکی مشتومڕاوی دوای دێربی
 
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە کە لە چوارچێوەی دێربیی پایتەختدا بوو، هەموو توخمەکانی ورووژاندنی تێدابوو؛ لە گۆڕانکاریی ئەنجامەوە توەکو بڕیارە ناوبژیوانییە مشتومڕاوییەکان. یارییەکە بووە جێی باسی میدیاکان و لەسەرووی هەمووشیانەوە بەرنامەی بەناوبانگی 'ئێل چێرینگیتۆ'، کە بەشێکی زۆری تەرخانکرد بۆ شیکردنەوەی رووداوەکانی یارییەکە.
 
لە کاتی بەرنامەکەدا، جۆسێپ پێدێرۆڵ، پێشکەشکاری ناسراو، رەخنەی تووندی ئاراستەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر کرد. پێدێرۆڵ پێیوابوو بڕیارە تەکنیکییەکانی ئەربێلوا، بەتایبەت لە گێمی دووەمدا، خەریکبوو ببێتە هۆکاری لەدەستچوونی خاڵەکانی یارییەکە. ئاماژەی بەوەشکرد کە راهێنەر زیادەڕۆیی کردووە لە یاریکردن بە ئەستێرەی فەرەنسی  کیلیان ئێمباپێ، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە بەتەواوی ئامادە نەبووە.
 
پێدێرۆڵ گوتی کە هەوڵەکەی ئەربێلوا بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی ئێمباپێ لەسەر حیسابی بەرژەوەندی تیپەکە، ئەنجامی یارییەکەی خستە مەترسییەوە. ئەو ئێمباپێی بەوە وەسف کرد کە "تەنیا 50٪ ئامادەیە"، ئاماژەی بەوەشدا کە یاریزانەکە ئەو بوێرییەی پێشووی لە یەکتربڕینەکاندا نەماوە و لە هەندێک دیمەنی جەستەییدا ئاستێکی لەرزۆکی پێشکەش کردووە کە جێگەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە. هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بینینی وەشانێکی ترسناک لە ئێمباپێ، کە هەمیشە بە بوێرییە هێرشبەرییەکەی ناسراوە.
 
دابەشبوونی هاندەران 
 
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لەم مشتومڕە بەدەرنەبوون؛ هاندەران دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەک بەرگری لە رۆڵی تاکتیکی ئێمباپێ دەکەن، و بەرەیەکی دیکەش داوای دوورخستنەوەی دەکەن تاوەکو ئەوکاتەی بەتەواوی لەڕووی جەستەییەوە ئامادە دەبێت.
 
هەندێک لە بەکارهێنەرانی X ئاماژەیان بەوە کردووە کە جوڵەکانی uYمباپێ، ئەگەر گۆڵیشی نەکردبێت، بووەتە هۆی تێکدانی هێڵی بەرگری rکابەر و ئەمەش rێگەی بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر خۆش کرد تاوەکو گۆڵی سێیەم تۆمار بکات. لە بەرامبەردا بەشێکی دیکە پێیانوابوو بوونی ئێمباپێ لەم دۆخەی ئێستایدا هاوسەنگی تەکنیکی تیپەکە  تێکدەدات.
 
قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و پێویستی بە هاوسەنگی
 
ئەم مشتومڕەی دەوری ئێمباپێ لە کاتێکی هەستیاردا دێت، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی لە پێکانێکی ئەژنۆ کە چەند هەفتەیەک دووری خستبووەوە. ئێستا ئێمباپێ وردە وردە بەشداری یارییە گەورەکان دەکات، وەک یارییەکەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ و دێربیی مەدرید.
 
ستافی تەکنیکی ریال مەدرید دەزانن کە گەڕاندنەوەی باشترین وەشانی ئێمباپێ هۆکارێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ قۆناخی داهاتوو، چ لە لالیگا و چ لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا، ئەمەش پێویستی بە هاوسەنگییەکی ورد هەیە لەنێوان خێراکردنی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان و دوورکەوتنەوە لە سەرکێشیکردن بە تەندروستییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە