رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی فەرەنسا دەڵێن، پێشهاتی نوێ لەبارەی دەستنیشانکردنی زینەدین زیدان بە راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە دوای مۆندیالی داهاتوو هاتووەتە ئاراوە.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، زیدان بە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا رازی بووە.
پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە دوای مۆندیالی داهاتوو بەتاڵ دەبێت، پاشئەوەی دیدێ دیشامی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەکە، بڕیاری وازهێنانی لە دوای مۆندیالی داهاتوودا.
زیدان کە لە دوای مەشقدانی ریال مەدریدەوە لە 2021 هیچ پۆستێکی راهێنەرایەتی وەرنەگرتووە، وەکئەوەی سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن، دەبێتە راهێنەری داهاتووی فەرەنسا.
زیزۆ پێشتر چەندین دەستەوارەی بۆ مەشقدانی یانە جیاوازەکانی ئەورووپا رەتکردووەتەوە، ئەوەش بەئومێدی دەستبەتاڵ مانەوە بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
زیزۆ، کە لە 2016 تاوەکو 2018 یەکەم ئەزموونی راهێنەرایەتی تاقیکردەوە، پێشەوایەتیی ریال مەدریدی کرد بۆ دەستکەوتێکی مێژوویی، کاتێک تیپەکە سێ نازناوی لەسەریەکی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
سەرچاوەکان دەڵێن، زیدان دەستەوارەکانی یانەکانی ئینگلتەرا، ئیتاڵیا و فەرەنسای رەتکردووەتەوە، لە نێویاندا مانچێستەر یونایتد، یوڤێنتوس و پاریس سانجێرمان، سووربووە لەسەرئەوەی وێستگەی داهاتووی راهێنەرایەتی، هەڵبژاردەی فەرەنسا دەبێت.
دیشام، پاش کۆتایی هاتنی مۆندیالی داهاتوو کە هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، بەچاوپۆشین لەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە هەرچییەک دەبێت، فەرەنسا بەجێدەهێڵێت.
میدیای فەرەنسا گوتوویانە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا لەگەڵ زیدان کۆبوونەتەوە و ئەو ئەفسانەیە، رازیبووە بەوەی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ