رووداو دیجیتاڵ
ریکاردۆ دی بۆرگۆس، بەناوبژیوانی یاریی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا دیاریکرا. بارسێلۆنا دڵخۆشە بەو ناوبژیوانە و ریال مەدرید بەشوومی دەزانێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، یاریی کۆتایی جامی شا لە نێوان هەردوو یانە، کە شەممەی داهاتوو لەسەر یاریگەی لاکارتۆخا، کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت، لەلایەن دی بۆرگۆسەوە بەڕێوەدەبرێت.
لەگەڵ دی بۆرگۆسدا، ناوبژیوانی ڤار، پابلۆ گۆنزالۆ فوێرتێس دەبێت و ئەوەش یەکەم یاریی کۆتایی ئەو ناوبژیوانە بەڕێوەی دەبات.
دی بۆرگۆس پێشتر رایگەیاندبوو، ئاواتەخوازە یارییەکی کۆتایی نێوخۆی ئیسپانیا بەڕێوەببات.
دی بۆرگۆس، پێشتر سێ یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی بەڕێوەبردووە، دوو لە یارییەکان بەسەرکەوتنی بارسێلۆنا و یارییەکیش بەسەرکەوتنی ریال مەدرید کۆتایی هاتووە.
یەکەم کلاسیکۆ کە ئەو ناوبژیوانە بەڕێوەی بردووە، لە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا بووە لە 13ی مانگی هەشتی 2017 کە ئەوکات سیستمی پاڵەوانێتییەکە لە یەک یاری و بەشێوازی چوون و هاتن ئەنجامدەدرا.
ئەو یارییەی بۆرگۆس بەڕێوەیبرد، لەسەر یاریگەی کامپ نو ئەنجامدرا و ریال مەدرید بە 3 - 1 یارییەکەی بردەوە. لە یارییەکەدا، بۆرگۆس بەکارتی سوور، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی یانەکەی کردە دەرەوە، پاشئەوەی پاڵی بەناوبژیوانەوە نا، بەهۆی ئەژمارنەکردنی لێدانی سزا بۆ یانەکەی.
دی بۆرگۆس، هەروەها بۆ جاری دووەم لە کلاسیکۆدا دەرکەوت لە یاریی کۆتایی جامی سوپەر بەشێوازە نوێیەکەی. یارییەکە لە 15ی مانگی دووی 2023 لە سعودیە ئەنجامدرا و بارسێلۆنا 3 - 1 یارییەکەی بردەوە.
هەرچی کلاسیکۆی سێیەمە، لە گەڕی 26ی لالیگا لە وەرزی 2022 - 2023 ئەنجامدرا لەسەر یاریگەی کامپ نو و بارسێلۆنا یارییەکەی بە 2 - 1 بردەوە.
ئەو ناوبژیوانە، پێشتر لەلایەن تەلەڤزیۆنی ریال مەدریدەوە رەخنەی زۆری لێگیرابوو بەهۆی ئەو ئاستەی لە یارییەکەی یانەکەدا پێشکێشی کردووە و تەلەڤزیۆنەکە پێیوایە ئەو ناوبژیوانە بووەتە هۆکاری لەدەستدانی چەندین خاڵی یانەکە لە لالیگا.
دی بۆرگۆس لە کاروانی خۆیدا 31 یاریی بارسێلۆنای لەسەرجەم پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکانی ئیسپانیا بەڕێوەبردووە، لە 25 یاریدا بارسێلۆنا براوە بووە و یەک یاری یەکسانبووە و پێنج یارییش دۆڕاوە.
بۆرگۆس هەروەها 25 یاری ریال مەدریدی بەڕێوەبردووە کە یانەکە 17 بردنەوە، چوار شکست و چوار یەکسانبوونی لەو یارییانەدا بەدەستهێناوە.
بۆرگۆس کە لەدایکبووی هەرێمی باسکە، متمانەدارترین ناوبژیوانە لای لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، هەربۆیە بە بەڕێوەبردنی هەستیارترین یاریی وەرزەکەی پێدراوە.
دی بۆرگۆس تەمەنی 39 ساڵە، باوکی پێشتر ناوبژیوانی لالیگا بووە و یەکەمجار لە 2015 کاری ناوبژیوانی لە ئەستۆ گرتووە و کەسایەتییەکی ئارامی هەیە و بەردەوام بڕیارەکانی بۆ ناوبژیوانان رووندەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ