رووداو دیجیتاڵ
پێدری بەهۆی ئەو کارتە سوورەی کە لە کلاسیکۆ وەریگرت، یەکەم پشووی خۆی دوای 10 مانگ وەردەگرێت.
یەکشەممەی رابردوو، ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی ئیسپانیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە یارییەکی گەرم و بەهێزدا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید بە ئەنجامی 2-1 لە بارسێلۆنای بردەوە و لە پێشەنگی لالیگا مایەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بۆ 5 خاڵ بەرزکردەوە.
لەو یارییەدا، چەندین رووداوی جیاواز روویاندا، گرنگترینیان، ئەو کارتە سوورە بوو کە پێدری وەریگرت، ئەو ئەستێرەیەی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا هەرگیز بە کارتی سوور لە هیچ یارییەک دەرنەکرابوو، بەڵام دوای ئەوەی لە دوایین خولەکەکانی یارییەکە، بەشێوەیەکی تووند لە قاچی یاریزانێکی ریال مەدریدی دا، ناوبژیوان بڕیاریدا کارتی زەردی دووەم بەڕوویدا بەرزبکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشیی ئەو یاریزانە، کارتی سووری بەڕوودا بەرزبکاتەوە.
پێدری بەهۆی ئەو کارتە سوورە، لە یاریی داهاتووی بارسێلۆنا لە لالیگا بەرامبەر یانەی ئێلچی یاریناکات، ئەوەش یەکەم جارە لە دوایین 10 مانگدا، ئەو یاریزانە ئیسپانییە لە یارییەکی یانەکەی یان هەڵبژاردەکەی ئامادەنەبێت.
پێدری لە 26/1/2025ەوە تاوەکو ئێستا، لە 53 یاریی لەسەریەکدا لە یانە و هەڵبژاردەکەی یاریکردووە و لە هیچ یارییەک دوورنەخراوەتەوە، هیچ کاتێکیش پشووی وەرنەگرتووە، ئەوەش گوشارێکی زۆری خستووەتەسەر ئەو یاریزانە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی کارتە سوورەکەیەوە، بۆ گەڕێک پشوو وەردەگرێت و لە یارییەکە ئامادەنابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ