بارسێلۆنا پاکسازیی دەستپێدەکات

23-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە هەنگاوی دووەم لە بازاڕی گواستنەوەی ئەمساڵدا دەستپێبکات کە بەڕێکردنی ژمارەیەک یاریزانی یانەکەیە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنا دوای یەکلاکردنەوەی چەند گرێبەستێکی نوێ، ئیدی بڕیاریداوە ژمارەی یاریزانەکانی کەمبکاتەوە و ناچارە دەستبەرداری هەندێک یاریزان ببێت.
 
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ خوان گارسیای گۆڵپارێز کردووە و نزیکە لە راگەیاندنی گرێبەستی نیکۆ ویلیامز، هەربۆیە ناچارە بۆ خۆپاراستن لە کێشەکانی یاسای دارایی خاوێنی لالیگا، بنمیچی مووچەکانی کەمبکاتەوە.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و هانزی فلیکی راهێنەر، بڕیاریانداوە بەرگریکەرانی دڵ لە یانەکە کەمبکەنەوە بۆ چوار یاریزان و بەوەش دەبێ دەستبەرداری یەکێک لە یاریزانەکانی ئەو پێگەیە ببن.
 
وەک میدیاکان دەڵێن، ئینگۆ مارتینێز، پاو کوبارسی و ئێریک گارسیا دەستکاری نەکراون، هەربۆیە رۆناڵد ئاراوخۆ و ئاندریاس کریستینس تاکە دوو بەربژێرن بۆ چوونە دەرەوەی یەکێکیان لە یانەکە.
 
ئاراوخۆ ئەگەرچی وەرزێکی ئاڵۆزی لەگەڵ یانەکە هەبوو، بەهۆی پێکان و هەڵەی زەقەوە لە یارییەکاندا، بەڵام دیکۆ و فلیک پێیانوایە شایستەی بەردەوامبوونە لە یانەکە و یەکێکە لە باشترین بەرگریکەرەکانی ئێستای جیهان و گرێبەستەکەی لە 2030 کۆتایی دێت و ئەوەش ئەگەری رۆیشتنی لاواز دەکات.
 
لە بەرامبەردا، کریستینسن، نزیکترینە بۆ چوونە دەرەوە لە یانەکە، بەتایبەت کە لە وەرزی رابردوودا بەشداریی لە تەنیا شەش یارییدا کردووە. بەرپرسانی بارسا پێیانوایە کاروانی ئەو لەگەڵ تیپەکە کۆتایی هاتووە. ئەو یاریزانە چەند دەستەوارەیەکی سعودیەی پێگەیشتووە، بەڵام بەلایەوە سەرنجڕاکێش نین.
 
بارسێلۆنا چاوی لە فرۆشتنی هەریەکە لە کریستینسن، تێر شتیگن، ئانسۆ فاتی، پاو ڤیکتۆر، پابلۆ تۆرێ، ئینیاکی پینیا و ئۆریۆل رۆمیۆیە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک پارە، لەپێناو تۆمارکردنی گارسیا و ویلیامز لە لیستی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو.
 
ئەگەرچی، ئینیاکی پینیا زۆر دەست بەبەردەوامبوون لە تیپەکە ناگرێت و بیرۆکەی رۆیشتنی قبووڵە، بەڵام تێر شتگن سوورە لەسەرمانەوە و پێیوایە یانەکە مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵدا ناکەن و وەک پێویست رێزی ناگرن، هەربۆیە ئامادەنییە دەستبەرداری هیچ مافێکی خۆی ببێت، لەپێناو چوونە دەرەوە لە بارسێلۆنا.
 
نزیکترین یاریزان بۆ چوونە دەرەوە لە کۆی ئەو یاریزانانەی بارسێلۆنا دەخوازێت بەڕێیان بکات، تاوەکو ئێستا، ئانسۆ فاتییە کە یانەی مۆناکۆ دانوستاندنی فەرمیی لەگەڵیدا کردووە، بەمەبەستی خواستنی و بەپێی سەرچاوەکان، بارسێلۆناش رازیبووە بەوەی نیوەی مووچەی ئەو یاریزانە بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە