رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ، ریال مەدرید بە راهێنەرایەتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا گەشت بۆ یاریگەی لاسێرامیکا دەکات تاوەکو رووبەڕووی ڤیاڕیالی سێیەمی ریزبەندی ببێتەوە، یانە مەدریدییەکە تەنیا یەک خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگەوە دوورە و دەیەوێت بە بردنەوە لەم تاقیکردنەوە سەختەدا گوشارەکانی سەر رکابەرە مێژووییەکەی زیاتر بکات.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا راهێنەری نوێی ریال مەدرید رووبەڕووی یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینە دەبێتەوە کاتێک ئەمڕۆ شەممە دەبێتە میوانی ڤیاڕیال، ریال مەدرید دوای بردنەوە گەورەکەی بەرامبەر مۆناکۆ بە ئەنجامی 6-1 لە چامپیۆنزلیگدا، ئێستا بە ورەیەکی بەرزەوە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێکانی لالیگا.
راهێنەرە نوێیەکە توانیویەتی ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە پێشتر لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆدا هەبوون، بەتایبەت پەیوەندی نێوان خۆی و ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە پێشتر لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ ئەم پەیوەندییەی یاریزانە بەرازیلییەکە ئەوەندە پتەو نەبوو، ئەربێلوا ئازادی زیاتری بە ئەستێرەکانی تیپەکەی بەخشیوە و شێوازی یاریکردنی گۆڕیوە بۆ سیستمێک کە یاریزانان تێیدا هەست بە ئارامی دەکەن، ئەمەش وایکردووە کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و جود بێلینگهام جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ئاستی جارانیان و بتوانن ئاسیست و گۆڵ بکەن.
ریال مەدرید بۆ ئەم یارییە هەواڵی خۆشی پێگەیشتووە، رۆدریگۆ دوای چاکبوونەوەی لە پێکان گەڕاوەتەوە و ئامادەیە بۆ یاریکردن، هەروەها براهیم دیاز دوای تەواوبوونی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا گەیشتووەتەوە مەدرید، بەڵام تیپەکە لە تواناکانی ئۆریلیان چوامینی بێبەش دەبێت بەهۆی وەرگرتنی پێنجەم کارتی زەرد، هەروەها هەریەکە لە داڤید ئالابا و دین هاوسن ئەرکی هێڵی بەرگرییان لەئەستۆ دەبێت.
ڤیاڕیال بە سەرکردایەتی مانوێل پێلێگرینی یەکێکە لە تیپە بەهێزەکانی ئەم وەرزە و لە کۆی 30 خاڵ لە یاریگەی خۆی، توانیویەتی 25 خاڵ کۆبکاتەوە، بەڵام تیپەکە لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر ریال مەدرید هیچ سەرکەوتنێکی تۆمار نەکردووە، بۆ یارییەکە سانتی کۆمیسانا و سانتیاگۆ مۆرینۆ بەهۆی سزادانەوە یاری ناکەن.
ئەربێلوا دەربارەی شێوازی کارکردنی دەڵێت "دەمەوێت ریال مەدریدێک ببینم دوور بێت لە ئاڵۆزییە تەکتیکییەکان و یاریزانان بە ئازادی گوزارش لە تواناکانی خۆیان بکەن". ئەو راهێنەرە دەیەوێت ئەو ناسنامەیە بۆ یانەکە بگێڕێتەوە کە پێشتر کارلۆ ئەنچێلۆتی کاری لەسەر دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ