رووداو دیجیتاڵ
بۆدۆ گلیمتی نەرویجی گەورەترین سوپرایزی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەی کرد، دوای ئەوەی ئینتەر میلانی دوورخستەوە بە بردنەوەی بە ئەنجامی 2-1 لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی پاشکۆی گەیشتن بۆ قۆناغی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
تیپە نەرویجییەکە باڵادەستی خۆی بەسەر ئینتەردا دووبارە کردەوە دوای ئەوەی لە یاری چووندا بە ئەنجامی 3-1 بردبوویەوە، سەرەتا پیتەر هۆگ لە خولەکی 58دا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بۆدۆ گلیمت تۆمارکرد، پاشان هاکۆن ئیڤین گۆڵی دووەم و دڵنیایی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
ئینتەر میلان هەوڵیدا لە رێگەی گۆڵەکەی ئەلیساندرۆ باستۆنی لە خولەکی 76دا بگەڕێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن و زوو ماڵئاوایی لە کێبڕکێکانی چامپیۆنزلیگ کرد.
هەروەها بایر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی سەرکەوت دوای ئەوەی لە یاری گەڕانەوەدا لەگەڵ ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی بەبێ گۆڵ یەکسان بوو، سوودمەند بوون لە ئەنجامی یاری چوون کە 2-0 بردبوویەوە.
نیوکاسڵ دوای بردنەوە گەورەکەی لە کاراباخی ئازەربایجانی بە ئەنجامی هەردوو یاری 9-3 سەرکەوت.
هەروەها ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوت بۆ قۆناخی 16 دوای ئەوەی لە یاری گەڕانەوەدا بە ئەنجامی 4-1 لە کڵەب برووجی بەلجیکی بردەوە.
پێشتر 8 یانە بە فەرمی گەیشتبوونە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، ئەوانیش بریتین لە: چێڵسی، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول و تۆتێنهام لە ئینگلتەرا، لەگەڵ سپۆرتینگ لە پۆرتوگال، بارسێلۆنای ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی.
یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی پاشکۆی گەیشتن بە قۆناخی 16 بەردەوام دەبن، کە تێیدا ریال مەدریدی میوانداری بێنفیکا دەکات، هەروەها پاریس سانجێرمان لە رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواوی فەرەنسی میوانداری مۆناکۆی هاونیشتمانی دەکات.
هەروەها یۆڤێنتوسی بەرامبەر گاڵاتاسەرای یاری دەکات، ئاتاڵانتا میوانداری بۆرووسیا دۆرتموند دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ