ئارنێ سلۆت پلان بۆ پێنج وەرزی داهاتووی لیڤەرپوول دادەنێت

24-06-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی لیڤەرپوول ئارنێ سلۆت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرەڕای بردنەوەی پرێمەرلیگی وەرزی رابردوو، ئارنێ سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لە پلانیدایە گۆڕانکاریی ریشەیی ئەنجامبدات و یانەکە بۆ 5 ساڵی دیکە ئامادەبکات.
 
وەرزی رابردوو، یانەی لیڤەرپوول بە سەرکردایەتی راهێنەرە هۆڵەندییەکە، نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە و سەرکەوتوو بوو لەوەی شوێنی یۆرگن کڵۆپ پڕبکاتەوە.
 
بەڵام سەرەڕای ئەو سەرکەوتنە، چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی ئەوەیان خستەڕوو، ئارنێ سلۆت رازی نییە لە رەوشی ئێستای تیپەکە و پێیوایە ئەوەی لە یانەکە هەیە، پاشماوەی کارەکانی یۆرگن کڵۆپە و پێویستە ئەو  نەوەیەکی نوێ بۆ 5-6 ساڵی داهاتووی یانەکە دروستبکات، ئەو کۆمەڵێک یاریزانی دەوێت کە لەگەڵ سیستمەکەی ئەودا گونجاو بن و بتوانێت پەرە بەسەرکەوتنەکانی وەرزی رابردوو بدات.
 
یانەی لیڤەرپوول لە ئێستاوە گۆڕانکاریی گەورەی ئەنجامداوە، ئەو یانەیە جێرێمی فریمپۆنگ، فلۆریان ڤێرتز و میلۆش کێرکێزی بردووەتە ریزەکانی.
 
ئەو یانەیە، 150 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی ڤێرتز خەرجکردووە، 40 ملیۆن یۆرۆی لە پێناو بەدەستهێنانی فریمپۆنگ خەرجکردووە و کێرکێزی بە 40 ملیۆن یۆرۆ کڕیوە.
 
ئەمە جگە لە چوونی مامارداشڤیلی بۆ یانەکە، ئەو گۆڵپارێزە ساڵێک لەمەوبەر رووی لە یانەکە کرد، بەڵام وەکو خواستن لە یانەی ڤالێنسیا مایەوە.
 
لە هەمان کاتدا، ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، جارێل کوانسا و کاومهین کێلێهێر، یانەکەیان بەجێهێشتووە.
 
هەریەکە لە داروین نونێز و ئاندرو رۆبێرتسۆن نزیکن لەوەی ریزەکانی رێدز جێبهێڵن.
 
ئارنێ سلۆت لەگەڵ تیمێکی پسپۆری نێو یانەکە، گفتوگۆی کردووە و داوای چەند یاریزانێکی کردووە بە تایبەتمەندیی جیاوازەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی لە پێکهاتەی بکات و لەگەڵ بیرۆکەکانی ئەودا بگونجێن.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی، یانەکە چاودێری هیوگۆ ئیکیتیکێ دەکات و ئەو یاریزانە ناوێکی گەرمە لە لیستی گواستنەوەکانی یانەکە.
 
دوای ئەوەی ئیبراهیما کۆناتێ، دەستەوارەی لیڤەرپوولی رەتکردەوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و کوانساش یانەکەی بەجێهێشت، بەڕێوەبەرانی یانەکە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان، بەدوای بەرگریکاری دیکەدا دەگەڕێن، میدیای ئینگلتەراش باس لەوە دەکەن کە یانەکە دەیەوێت چەند بەرگریکارێکی لاو بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤێرجیل ڤاندایک یاریی بکەن و هاوشانی ئەو ئەزموونێکی باش پەیدا بکەن بۆ بەڕێوەبردنی هێڵی بەرگری تیپەکە.
 
هەریەکە لە جۆن لوکومی، بەرگریکاری یانەی بۆڵۆنیا، جۆرێل هاتۆ، بەرگریکاری یانەی ئەیاکس و کاستێلۆ لوکیبا، بەرگریکاری یانەی ئەیاکس، لەسەرووی لیستی بژاردەکانی لیڤەرپوولن بۆ باشترکردنی هێڵی بەرگریی یانەکە.
 
مارک گوێهی، بەرگریکار و کاپتنی یانەی کریستاڵ پاڵاس، ئامانجی سەرەکیی یانەکەیە و لە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی. گرێبەستی ئەو یاریزانە ئینگلیزییە لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت و یانەی کریستاڵ پاڵاس دەیەوێت لە هاوینی ئەمساڵدا بیفرۆشێت، بۆ ئەوەی بەخۆڕایی یانەکە جێنەهێڵێت.
 
بۆ پاڵپشتیی زیاتری چەقی ناوەڕاست، یانەی لیڤەرپوول چاودێریی، نیکۆلۆ رۆڤێلا، ناوەڕاستکاری لازیۆ، ئەنجێلۆ ستیلەر، ناوەڕاستکاری شتوتگارت و ئادام وارتۆن، ناوەڕاستکاری کریستاڵ پاڵاس دەکات.
 
بۆ سیستمی هێرشبردنی یانەکەش، سلۆت دەیەوێت بژاردەی زیاتری هەبێت، ئەو پێیوایە، بوونی ژمارە 10یەکی گۆڵکار لەگەڵ محەممەد سەڵاح، دەتوانێت بژاردەی گۆڵکردنی زیاتر ببەخشێتە تیپەکە، سلۆت دڵخۆش نییە بەوەی ئەنجامی هێرشەکانی یانەکە، هەردەم بەرەو یەک یاریزانە و ئەویش محەممەد سەڵاحە.
 
محەممەد سەڵاح لە وەرزی رابردووی پرێمەرلیگدا، 29 گۆڵی تۆمارکرد و 18 ئەسیستی کردبوو، ئەو یاریزانە وەک گۆڵکار، ئەسیستکار و باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ دەستنیشانکرا.
 
یانەی لیڤەرپوول، وەرزی رابردوو سەرکەوتوو بوو لەوەی بە کۆکردنەوەی 84 خاڵ، نازناوی پرێمەرلیگ بباتەوە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا، لە قۆناخی 16 کرایەدەرەوە و سەرکەوتوو نەبوو لە بردنەوەی هیچ نازناوێکی دیکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە