سەرۆکی یانەی برایەتی دەستیلەکارکێشایەوە

24-08-2019
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن یانەی برایەتی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی یانەی برایەتی بە فەرمی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد.

دوای ئەنجامەکانی یانەکە لە وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی عێراق، وەیسی ئەحمەد رایگەیاند بە چەند هۆکارێک و دەستتێوەردانی ناوەوە و دەرەوە لە کارەکانی یانەکە واز لە پۆستی سەرۆکی یانەکە دەهێنێت.

دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی یانەی وەرزشی برایەتی

بۆ / سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانی وەرزشی هەرێمی كوردستان

ب/ دەستلەكاركێشانەوە

سڵاوێكی وەرزشی

بەرێزان بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی كوردستان و وەرزشوانان و جەماوەری ئازیزی یانەی وەرزشی برایەتی خۆشەویست.

من وەیسی ئەحمەد سابیرم،سەرۆكی یانەی وەرزشی برایەتیم،دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لە پۆستی سەرۆكی یانەی برایەتی رادەگەیەنم،بێگومان دەستلەكاركێشانەوەشم هۆكاری خۆی هەیە، یەكێك لەو هۆكارانە ئەو دەستتێوەردانەی لەناوەوە و دەرەوەی یانە دەكرێت ،ناكرێت من سەرۆك یانەبم ئاگاداری هیچ نەبم، لەگرێبەستی یاریزان وهاتن وخەرجكردنی پارە لەم یانەیە، بێگومان ئەویش بەدەستی چەند كەسێكی سوودمەند لە یانەكە، كە لە سەرۆك و جێگر وسكرتێری یانە و دەستەی كارگێڕی دووربوون لەم كارانە، نموونەی زیندوو بەو دوایەی یانەكەمان بە بڕیاری 2-3 كەس بەشداری خولی پلە یەكی عێراقیان كرد و پارەیەكی خەیاڵیان خەرج كرد، لەبری سەركەوتن بۆ خولی نایابی عێراق هەرچ قسەی نەشیاو ناشیرین بوو كە شایستەی یانەی برایەتی نەبوو لە بەغدا كردیان بەرانبەر یانەكەمان، هەروەها بەگوێ نەدانە كەس ئەو كارەیان كرد و دەرئەنجامەكەشی پارە بەهەدەردان وناشرینكردنی یانەی وەرزشی برایەتی بوو.

من كە پۆستی سەرۆكی یانەم وەرگرت كاری زۆر باشم كرد، لەوانە بوینە دووەمی خولی نایابی كوردستان، كۆنتاكت وهەماهەنگی و پەیوەندێكی باشم لەگەڵ تێكڕای یانەكان وكەسایەتییە وەرزشییەكانی كوردستان درووستكرد، هەروەها پرۆژەیەكی زەبەلاحم بۆ یانەكە ئەنجامدا ئەویش درووستكردنی پەیژە و دوكان و ئیدارەی نوێ و چەند كارێكی گرنگ لەناو ئەو پرۆژەیە بۆ یانەی برایەتی، تا ئێستاش بڕی (36) ملیۆن دینارم بۆ یانە خەرجكردووە و یانەکەم قەرزاری منە، بەشایەتی زۆربەی دەستەی كارگێڕی یانەكەمان من ماوەی ساڵێك ئەم یانەم جێهێشت، بەڵام لەسەر راسپاردەی خەمخۆران گەڕامەوە یانە و سەیرمكرد یانەكە كەوتۆتە ژێربارێكی قورس و نزیکبوو تیپی تۆپی پێمان دابەزێت بۆ خولی پلە یەك، دانیشتین كۆبوونەوەمان كرد و كە لەمەودوا دەستتێوەردان وتەداخولات نەبێت، بەڵام بەماوەیەكی كەم ئەوانەی پەیمانیاندا ئەم كارەیان دووبارە كردەوە.

من بەشاهیدی جێگری سەرۆك وسكرتێر و چەند ئەندامێك بڕیارماندا یانەكەمان رێكبخەینەوە وكێشەكان بنبڕبكەین، ئەمجارەشیان دەستتێوەردان لەكارەكان كرا، بۆیە نامەوێت بەردەوامبم و دەمەوێت رێزی خۆم بگرم، بەهۆی هەڵەو كاری خراپی چەند ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی نامەوێت لەسەرمن هەژماربكرێت و بشكێتەوە، بۆیە لێرەوە داوای لێبوردن لە جەماوەری خۆشەویستی یانەی برایەتی دەكەم و هەموو كات خۆشمدەوێن.

لەگەڵ رێزم

وەیسی ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یانەی وەرزشی برایەتی 24-8-2019

ئێستا جگە لە پۆستی سەرۆکی یانە، برایەتی بەنیازە چەند گۆڕانکارییەک لە ئەندامانی یانەکەی بکات و هەروەها تیپی تۆپی پێی یانەکەشی بۆ خولی نایابی کوردستان بە چەند گۆڕانکارییەکەوە ئامادەبکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە