جارێکی دیکە پێلێ لە مردن رزگاری دەبێت

24-12-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پزیشکانی بەرازیل گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەفسانە و گەوهەری رەشی بەرازیلی، پێلێ هەڵکرد و دەتوانێت نەخۆشخانە جیبهێڵێت.
 
نەخۆشخانەی ئەلبێرت ئەنشتاین لە بەرازیل راگەیێندراوێکیان سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی پێلێی گەورە ئەفسانەی بەرازیلی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەو ئەفسانە تەمەن 81 ساڵانە باری مەترسیی تێپەڕاند و دەرزییە کیمیاوییەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرگریی جەستەی دروستنەکردووە و ئێستا لە دۆخێکی باشدایە و تەندروستیی جێگیرە، بۆیە دەتوانێت نەخۆشخانە جێبهێڵێت.
 
پزیشکانی پێلێ هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل خستووەتەگەڕ لە نەخۆشییەکەی کە شێرپەنجەی کۆلۆنە و بەر لە سێ مانگ ئاشکرایانکرد کە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە.
 
پێلێ لە ئینستاگرامەکەیدا وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە پێدەکەنێت و نووسیویەتی "پێمگوتن و بەڵێنمپێدان کە جەژنی کریسمس لەگەڵ خانەوادەکەمدا دەکەم، من دەچمەوە ماڵەوە و سوپاس بۆ هەموو نامە جوانەکانتان".
 
پێلێی پاشای تۆپی پێی بەرازیلی کە بەباشترین یاریزانی سەدەی رابردوو لەلایەن رێکخراوی فیفا بۆ ئامار و مێژوو دیاریکراوە لە رۆژی 9ـی ئەم مانگەوە لە نەخۆشخانە خەویندراوە، ئامانجی مانەوەشی لە نەخۆشخانەش بۆ ماوەی 15 رۆژ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوایین دانیشتنی هەبووە بۆ وەرگرتنی چارەسەری و دەرزیی کیمیاوی تاوەکو لە شێرپەنجەکەی رزگاری ببێت.
 
لە مانگی 8 ـی ئەمساڵ پێلێ بۆ ماوەی یەک مانگ لە نەخۆشخانەی ئەلبێرت ئەنیشتاین مایەوە، دواتر دەرکەوت کە پەڵەیەک لەسەر کۆڵۆنی هەیە، ئێستا خەریکی لابردنی ئەو پەڵەیەن بە دەرزیی کیمیاوی.
 
پێلێ، خاوەنی سێ مۆندیالە لە مێژووی هەڵبژاردەی بەرازیلدا کە ریکۆردی جیهانە لە ساڵەکانی 1958،1962 و 1970 بەدەستیهێناون، 77 گۆڵی لە 92 یاریی نێودەوڵەتیدا کردووە، لە ساڵی 1977 وازی لە یاریکردن هیناوە، بە قسەی خۆی زیاتر لە 1300 گۆلی کردووە، بەڵام بەفەرمی 775 گۆڵی بۆ هەژمارکراوە بەگشتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە