یاریدەدەرەکانی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید دەستنیشانکران و ناوی هەندێکیان شۆکە

13-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەکان ناوی ئەندامانی تیمی یاریدەدەری چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدیان ئاشکراکردووە و یەکێک لە یاریدەدەرەکانی ئەو راهێنەرە، کەتەلۆنییەکە کە پێشتر لە یانەی بارسێلۆنا کاریکردووە.
 
دوێنێ رووداوی دراماتیکی و خێرا لە ریال مەدرید روویاندا، سەرچاوەکان یەکلایانکردەوە کە چابی ئەلۆنسۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە بۆ مەشقدانی تیپەکەی واژۆکردووە.
 
هەر دوێنێ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئاشکرایکرد، لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی رێکەوتووە بۆ مەشقدانی تیپەکەی و رووداوەکەی بەمێژوویی ناوبرد.
 
پاش یەکلابوونەوەی چارەنووسی راهێنەری یانەکە، میدیاکان ناوی یاریدەدەرەکانی ئەلۆنسۆیان ئاشکراکردووە.
 
وەکئەوەی سەرچاوەکان دەڵێن، سیباس بارێلا، یاریدەدەری یەکەمی ئەلۆنسۆ دەبێت لە مەشقدانی یانەی ریال مەدرید و ئەو لە کاتی دوورکەوتنەوەی ئەلۆنسۆ یان دابڕانی لە تیپەکە، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی یانەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
 
بارێلا کە وڵاتینامەی ئەرجەنتینی هەیە، پێشتر لەگەڵ ئەلۆنسۆ کاریکردووە کاتێک لە ریال مەدرید بۆ وەرزێک سەرپەرشتی تیپی لاوانی یانەکەی کرد، بەرلەوەی پێکەوە رووبکەنە مەشقدانی تیپی دووەمی یانەی ریال سۆسیێداد.
 
تیمە یاریدەدەرەکەی ئەلۆنسۆ هەروەها ئەلبێرتۆ ئینسیناس لە خۆ دەگرێت کە کەتەلۆنییە و تەمەنی 43 ساڵە.
 
ئینسینیاس پێشتر یاریدەدەری راهێنەری تیپی لاوانی خوار 19 ساڵانی بارسێلۆنا بووە بۆ ماوەی سێ ساڵ و لەگەڵ گارسیا بیمینتا وەک یاریدەدەری راهێنەر کاریکردووە، دواتر بەر لە ئەلۆنسۆ روویکردووەتە یانەی بایرلیڤەرکوزن و بووەتە یاریدەدەری راهێنەری گارسیا بیمینتا لە مەشقدانی بایرلیڤەرکوزن.
 
لە رۆژانی رابردوودا سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو، لە کاتی دانوستاندنی نێوان ریال مەدرید و چابی ئەلۆنسۆ، ئەو راهێنەرە رازینەبووە بەبەردەوامبوونی پینتۆسی راهێنەری توانای جەستەیی ئێستای یانەکە و داوایکردووە لە تیمەکەی ئەو دووربخرێتەوە.
 
ئەلۆنسۆ لە تیمەکەیدا، ئیسماعیل کامینفۆرتی لوپێزی وەک راهێنەری توانای جەستەیی دەستنیشانکردووە.
 
ئیسماعیلیش کەتەلۆنییە و کاروانی خۆی لە یانەی بارسێلۆنا بی دەستپێکردووە، یاریدەدەری دۆمینیک تۆرێنت بووە، پاشان روویکردووەتە نیویۆرک و دانیمارک و لەوێ کاریکردووە.
 
ئیسماعیل، ماوەی حەوت ساڵ راهێنەری توانای جەستەی فوتساڵی بارسێلۆنا بووە، لەگەڵ ئەودا تیپەکە کۆنترۆڵی ئیسپانیا و ئەورووپای کرد.
 
کامینفۆرتی، دواتر لەگەڵ هەڵبژاردەی دانیمارک وەک راهێنەری توانای جەستەیی کاریکرد و یاوەری تیپەکە بوو بۆ گەیشتن بە نیوەی کۆتایی یۆرۆی 2021.
 
ئیسماعیل بەوە ناسراوە کە سیستمی کارکردنی لە سیستمی کارکردنی پینتۆس زۆر جیاوازە، ئەو بۆ هەر یاریزانێک، بەپێی شوێنی یارییکردنی، سیستمی تایبەتی مەشق و راهێنانی جەستەیی دادەنێت و تایبەتمەندییەکەی لەو بوارەدایە.
 
بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە، ئەلۆنسۆ و تیمەکەی دەستبەکارکردن بکەن لەگەڵ ریال مەدرید، بۆ ئامادەکردنی تیپەکە بۆ مۆندیالی یانەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە