هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی بارسێلۆنا هەرزوو تەقەی تێکەوت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مارک سێریا، بەربژێری سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، رەخنەی تووندی لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای یانەکە گرت، دوای ئەوەی بەفەرمی رایگەیاند رۆژی 15ی مانگی سێی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە ئەنجامدەدات.
 
سێریا وایداناوە دەستنیشانکردنی ئەو وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە هەلقۆستنەوەیەکی تەواوە.
 
ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا کە خوان لاپۆرتا سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندبوو رۆژی 15ی مانگی سێی ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامدەدات.
 
یانەکە دەبوو لە نێوان ناوەڕاستی مانگی سێ تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شەش، رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دەستنیشان بکات.
 
یانەکە ئاشکرایکردووە لە رۆژانی داهاتوودا خشتەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بانگهێشتی فەرمیی بۆ ئەندامان بڵاودەکرێتەوە.
 
وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکە، هاوکاتە لەگەڵ یارییەکانی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
سێریا، دەڵێ، "دەمانزانی لاپۆرتا هەلەکە دەقۆزێتەوە، ئێمە لە بنەما یاساییەکان تێدەگەین، بەڵام سرووشتییە ئەوە لە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵدا بکرایە، نەک لەگەڵ رکابەریی تووندی یانەکان لەسەر نازناوەکان".
 
ئەو بەربژێرە دووپاتیدەکاتەوە کە لاپۆرتا بۆیە ئەو وادەیەی دەستنیشانکردووە، چونکە پێیوایە ئەوە خزمەتی دەکات لە هەڵبژاردنەکان، بەهۆی ئەنجامە باشەکانی تیپەکە، لە کاتێکدا ئەگەر بارسا لە قۆناخەکانی دواتری چامپیۆنزلیگ بکرێتە دەرەوە، لاپۆرتا زیان دەکات لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا.
 
لای خۆیەوە، ڤیکتۆر فۆنتی بەربژێر و رکابەری هەرە بەهێزی لاپۆرتا بەهۆی هەمان وادەوە، هێرشی تووندی کردە سەر لاپۆرتا و دەڵێ، "روونە کە هەڵبژاردن لە وادەیەکدا ئەنجامدەدرێت کە بۆ لاپۆرتا گونجاو بێت. ئەو کاتی هەڵبژاردنەکەی لە نێوان هەردوو یاریی چوون و هاتنی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ داناوە، ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد، بەڵام ئامادەین".
 
هەرچی چاڤی ڤیلاگوانایە کە بەربژێری سێیەمە دەڵێ تیمی هەڵبژاردنم ئامادەیە، داوایکردووە کە پڕۆسەی دیموکراسی بەرجەستە ببێت، تاوەکو ئەندامان بتوانن بەراوردی پڕۆژەی بەربژێرەکان بکەن و هەموو زانیارییەک وەربگرن.
 
ئەو دەڵێ، پێمانوایە هەڵبژاردن لە یانەیەکی وەک بارسێلۆنادا پێویستی بەدیموکراسیەت هەیە و دەبێ هەموو ئەندامێک کاتی پێویستی بۆ ئەوە هەبێت ئەگەر خۆی بەربژێر بکات، پڕۆژەکەی چی دەبێت.
 
لای خۆیەوە، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا بەرگری لە وادەی دەستنیشانکراو بۆ هەڵبژاردنی یانەکە کردووە و دەڵێ پانزەی سێ، باشترین کاتە لەسەر ئاستی وەرزشی و دامەزراوەیی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدەین.
 
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یانەکە، لاپۆرتا دەبێ رۆژی 21 دووی ئەمساڵ دەستلەکاربکێشێتەوە و لیژنەیەکی کاتیی کارگێڕیی بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە تاوەکو رۆژی هەڵبژاردن دروست بکات.
 
هەر بەربژێرێکی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا پێویستی بە دەنگی 2321 ئەندامی یانەکە هەیە بۆ بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە و ئێستا هەریەکە لە خوان لاپۆرتا، ڤیکتۆر فۆنت، مارک سێریا، چاڤی ڤیلاگوانا و خوان کامبری، بەربژێری سەرۆکایەتیی بارسێلۆنان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە