رووداو دیجیتاڵ
یەکەم هەوڵدان بۆ سێیەم پاڵەوانێتی، ناونیشانی ئەو بەیەکگەیشتنە دەبێت کە فاینۆردی هۆڵەندی و رۆمای ئیتاڵی لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا کۆدەکاتەوە.
یەکەم هەوڵدانە، چونکە هەردوو یانە یەکەمجاریانە، هەر لە مێژووشدا یەکەمجارە پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت. بەڵام سێیەم پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی ئەوروپا لە پاش چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگەوە ئەنجامدەدرێت. پاڵەوانێتییەک کە سێ ساڵی یەکەمی لە ژێر تاقیکردنەوە و تێستدا دەبێت.
یاریگەیەکی 21 هەزار کەسی، تیشکی میدیای جیهان بۆخۆی دەبات، لەوێ یەکێک لە دراماتیکیترین راهێنەرەکانی ئێستای جیهان، کە جۆزێ مۆرینیۆیە هاتووە بۆئەوەی مێژوویەکی نوێ بەناوی خۆیەوە بنووسێتەوە، لەوانەیە ئەو ئیدی ئەگەر نازناوەکە بباتەوە، نازناوێکی دیکەش لەپاڵ سپێشەڵ وەن و ئۆنلی وەن، بەباڵای خۆیدا ببڕێت.
رۆما و مۆرینیۆن، بەرهەمی یەکەم وەرزی کارکردن و خۆ رێکخستنەوە لە چواردەوری پڕۆژەیەکی نوێ، زۆر لێیانەوە نزیکە. تیپەکە لە یاری کۆتایی کۆنفراسنلیگە، ئەو پاڵەوانێتییەی، ئەگەر نازناوەکەی بەدەستبهێنێت، بۆ رۆما و مۆرینیۆ دەبێتە مێژوو.
رۆما و مۆرینیۆ، چاویان لە مێژوویەکی نەمرە بەدوو ئامانجی جیاواز. رۆما لە مێژووی خۆیدا، هەرگیز نازناوێکی ئەوروپی بەدەستنەهێناوە، دووجار و لە دوو بۆنەی جیاوازدا گەیشتووەتە یاری کۆتایی و نازناوەکەی لەدەستداوە. جارێک لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە ساڵی 1984 بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕا و جاری دووەمیش لە یاری کۆتایی جامی یەکێتی ئەوروپادا ساڵی 1991 بەرامبەر ئینتەرمیلانی هاو وڵاتیی دۆڕاوە. ئەگەر رۆما ئەمشەو نازناوەکە بباتەوە، ئەوە یەکەمین دەستکەوتی ئەوروپی دەبێت بۆ یانەکە.
هەرچی مۆرینیۆیە، لە پاش بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆپالیگ لەگەڵ پۆرتۆ و چامپیۆنزلیگ لەگەڵ پۆرتۆ و ئینتەرمیلان، دەیەوێ ببێتە یەکەم راهێنەر لە مێژوودا سێ نازناوی هەر سێ پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکەی بەدەستهێنابێت.
هاندەر بۆ هەردوولا لەپێناو نازناوەکەی ئەمشەودا هێشتا زۆرن. رۆما کە دەیەوێ چیدیکە بە یانەی ژمارە شەش یان حەوتی ئیتاڵیا تەماشا نەکرێت و بێتە پێشەوە و لە رکابەریدا بێت لەسەر نازناوەکان و مۆرینیۆش کە دەیەوێ پاش پڕۆژەیەکی شکستخواردوو یان بەئاکام نەگەیشتوو لەگەڵ تۆتێنهام، جارێکی دیکە خۆی وەک راهێنەری رزگارکەری یانەکان و گەورەی نێو لیستی راهێنەرانی ئەوروپا پێشان بداتەوە.
رۆما ئەمساڵ لە نێوخۆی ئیتاڵیادا هیچی بەدەستنەهێناوە تەنیا ئەوە نەبێت کە یاریکردنی وەرزی داهاتووی لە یۆرۆپالیگدا مسۆگەرکردووە. نازناوەکە بۆ ئەو، ئەگەر بەدەستی بهێنێت دەیکاتە تاقانە یانەی ئیتاڵی ئەمساڵ لە ئەوروپادا دەستکەوتێکی هەبێت و ئەمەش بۆ ئیتاڵییەکان کە ئەمساڵیان وشکەساڵییەکی گەورەبوو لەسەر ئاستی ئەوروپا، بێگومان تۆمارکردنی مێژوویەکی پرشنگدار دەبێت.
تیرانا لە دوێنیوە خرۆشاوە، مۆ لە هەر شوێنێک بێت دەخرۆشێت، رۆماییەکانیش لە هەر شوێنێک بن، تامێکی دیکە بە چواردەوەرەکەیان دەبەخشن. لەوێ 100 هەزار هاندەری هەردوو یانە کۆبوونەتەوە، هەریەکەیان بۆ ئەوە هاتووە لە کۆتایی شەوەکەدا تا بەرەبەیان بەئاهەنگگێڕانەوە بەسەر ببات.
ئەگەر هۆڵەندییەکان بۆ دەستگەیشتنەوە بەنازناوێکەوە هاتبن کە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێیبن، ئیتاڵییەکان بەخەونی یەکەم نازناوی ئەوروپییەوە هاتوون و بۆ گەیشتن بەو خەونەش، پیاوێکیان لە پشتە کە دەکرێ بەپیاوی دۆخە قورسەکان و لەدەستنەدانی نازناوەکان ناویبەرین، ئەو کەسە جۆزێ مۆرینیۆیە.. کەواتە باپرسیارەکەشمان هەر لەسەر ئەو بێت، پێتوایە مۆرینیۆ دەتوانێ یەکەم نازناوی ئەوروپی بۆ رۆما بباتەوە، چۆن؟
فاینۆرد رۆتێردام، بە کۆمەڵێک ویست و خەونی جیاوازەوە یاری کۆتایی کۆنفرانسلیگی ئەمساڵ بەرامبەر رۆمای ئیتاڵی ئەنجامدەدات. ئەو یانەیە کە لە نێو خۆی هۆڵەندادا تەنیا پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەی پێبڕا، لە یەکەم دەرکەوتن لە کۆنفرانسلیگ، بەبێدۆڕان خۆی گەیاندووەتە فایناڵ، بردنەوەی نازناوەکە بەبێ دۆڕان بۆخۆی دەبێتە دەستکەوتێک کە دەکرێ دواتر زۆری لەبارەوە بگوترێت.
فاینۆرد دەیەوێ لەپاش ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانییەوە، دووەم یانە بێت کە ئەمساڵ نازناوێکی ئەوروپی دەباتەوە. دەشیەوێت بەهەمان شێوەی ئاینتراخت دووەم تیپ بێت نازناوەکە بەبێ دۆڕان بباتەوە، ئەمە جیا لە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی سێیەم پاڵەوانێتی ئەوروپا کە یەکەمجارە ئەنجامدەدرێت وەک یەکەم پاڵەوان و مسۆگەرکردنی بەشداری لە وەرزی داهاتووی یۆرۆپالیگ.
فاینۆرد کە زیاتر لە دوو دەیەیە نەچووەتە سەر سەکۆی نازناوە ئەوروپییەکان. ئەو یانەیە پێشتر لە 1970دا نازناوی چامپیۆنزلیگ و دواتریش لە دوو وەرزی جیاوازدا کە دوایەمینیان ساڵی 2002 بوو، چاوی لە کۆتاییهێنان بە وشکەساڵییەکانی چەندین ساڵەیە، بەدەستهێنانی چوارەمین نازناوی ئەوروپی، پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ یانەکە لەپێناو خۆرێکخستنەوەی زیاتر و گەشانەوە لە داهاتوودا.
فاینۆرد وەک یانەیەکی نەناسراوی پاڵەوانێتییەکە دەرکەوتووە. راهێنەرێکی نەناسراو لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی گەنجدا، خەونێکیان لە چواردەوری تیپەکە بونیادناوە و دەیانەوێت بەدەستی بهێنن. بۆ ئەوان کە یەکەم وەرزیانە پێکەوە کاردەکەن، گەیشتن بەم قۆناخەی ئێستای پاڵەوانێتییەکە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن و دابینکردنی داهاتووی زیاترە، بەڵام بۆ ئەوان بردنەوەی یەکەم نازناوی کۆنفرانسلیگ، وادەکات میدیای جیهان و یانە گەورەکانیش چاویان زیاتر بچێتە سەر تیپەکە و هەوڵی بەدەستهێنانی توانای یاریزانەکانی بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ