هانزی فلیک ئەمشەو دەبابەیەکی نوێ بە تیپەکەی دەبەخشێت

25-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بابا کۆرۆما بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، ئەمجارە بەهرەیەکی دیکەی بە تیپی یەکەمی بارسێلۆنا و هاندەرانی دەبەخشێت، کە بە 'دەبابە' ناسراوە و لە شەقامەکانی غینیاوە هاتووەتە بارسێلۆنا.. میدیای کەتەلۆنیا دەڵێت "ئەو یاریزانە گەنجە نوێترین سوپرایزی فلیکە".
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارسێلۆنا میوانداریی یانەی ریال ئۆڤیێدۆ دەکات، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئیسپانیا، بەئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵ و کەمکردنەوەی جیاوازی خاڵەکان لەگەڵ پێشەنگی خولەکە، ریال مەدرید.
 
بارسێلۆنا لە پلەی دووەمی ریزبەندیی لالیگادایە بەکۆکردنەوەی 13 خاڵ، لەدوای ریال مەدریدی پێشەنگ، کە خاوەنی 18 خاڵە و شەش گەڕی ئەنجامداوە و هەموو یارییەکانی بردووەتەوە.
 
ریال ئۆڤیێدۆی رکابەری ئەمڕۆی بارسا لە پلەی هەژدەمی ریزبەندیی خولی ئیسپانیادایە و تەنیا 3 خاڵی هەیە.
 
هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی بەردەوامە لە گەڕان بەدوای بەهرەمەندە نوێیەکان لە ئەکادیمیای لاماسیا بۆ پەلکێشکردنیان بۆ تیپی یەکەم، بەمەبەستی بەهێزترکردنی پێکهاتە و لیستی یاریزانانی تیپەکە لەم وەرزەدا.
 
بۆ خۆئامادەکردن بۆ یارییەکەیان بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ، راهێنەرە ئەڵمانییەکە بانگهێشتی بەرگریکاری لاو، بابا کۆرۆمای تەمەن 16 ساڵانی کردووە بۆ مەشقکردن لەگەڵ تیپی یەکەم.
 
بابا کۆرۆما، بەرگریکارە نوێیەکەی تیپی یەکەم، لە 23ـی شوباتی 2009 لەدایکبووە و سەرەتای کاروانی وەرزشیی خۆی لە شەقامەکانی غینیا دەستپێکردووە، لەوێ فێری بنەماکانی تۆپی پێ بووە.
 
ئیلاییش مۆریبای برای پێشتر یاری بۆ بارسێلۆنا کردووە و ئێستا لە سێلتاڤیگۆ یاری دەکات، هەروەها لاس کۆرۆمای برایەکی دیکەی بەم دواییانە لەگەڵ جیرۆنا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە سان مامێس یاری کردووە.
 
بابا کۆرۆما لە ساڵی 2021 لە تەمەنی 12 ساڵیدا چووەتە ئەکادیمیای بەنێوبانگی لاماسیا، بەڵام کێشە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە گەیشتنی بە ئیسپانیا دواخستنی دەرکەوتنی لەگەڵ تیپە تەمەن بچووکەکان تاوەکو وەرزی 2022-2023 لێکەوتەوە.
 
بابا کۆرۆما لە چەندین شوێنی جیاوازدا یاری دەکات، وەک بەرگریکاری چەپ، یاریزانی ناوەڕاستی بەرگری و یاریزانی ناوەڕاستی لای راست کە وەک براکانی بە بەهێزی جەستەیی بەنێوبانگە، بەڵام ئەو لەوان جیاوازترە بە بەهرەی سروشتی و سیفاتە تاکتیکییەکان.
 
ئەم بەرگریکارە 16 ساڵییە بە کەسایەتییەکی رووخۆش و کراوە ناسراوە و ئەندامێکی ئەرێنی ژووری جلگۆڕینە، هەروەها بەخێرایی فێر دەبێت و تێگەیشتنی باشی هەیە بۆ رێنماییەکانی راهێنەران، ئەمەش دەرگای پەرەسەندن و گەیشتن بە تیپی یەکەمی بۆ دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە