رووداو دیجیتاڵ
مەغریب بووە شەشەم هەڵبژاردە کە بلیتی گەیشتن بە قۆناخی هەشتی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا وەربگرێت، دوای ئەوەی توانی 2-1 شکست بە هەڵبژاردەی مالاوی بێنێت.
هەردوو هەڵبژاردە لەسەر یاریگەی ئەحمەدۆ ئەحیدجۆ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و مەغریبییەکان بە زەحمەت توانیان بلیتەکە لە رکابەرەکەیان وەربگرن.
مالاوی تەنیا 7 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی لە رێگەی گابادینگۆ مانگۆوە بە گۆڵێک پێش بکەوێت.
دوای ئەو گۆڵە مەغریبییەکان زۆر هەوڵیاندا ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا یەکسان بکەنەوە و تاوەکو لە خولەکی دووی زیادکراوەی نیوەی یەکەمدا یوسف نسێری توانی تۆڕی کاپ ڤێردی بهەژێنێت.
لە نیوەی دووەمدا مەغریب باشتر دەرکەوت و بەردەوام بوو لەسەر هێرشبردنە سەر گۆڵی رکابەریان، تاوەکو ئەشرەف حەکیمیی یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە خولەکی 70ـدا گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ مەغریب تۆمارکرد.
مالاوی دواتر چەند هەوڵێکی دا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕا و بلیتی یارییەکە بووە بەشی مەغریب، کە لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕووی براوەی یاریی ئەمڕۆی نێوان میسر و کوتدیڤوار دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ