رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ دووشەممە لە دوایین گەڕی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق، کاژێر 17:00 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فڕانسۆ هەریری میوانداری یانەی زەورا دەکات.
یانەی هەولێر لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی مامناوەندی پیشاندا و دوای گۆڕینی هەریەک لە رادان گاسانینی راهێنەری کڕواتی و لوئەی سەڵاح، دواجار تەها قادر وەک تاکە راهێنەری کوردی خولی عێراق، توانی ئاستی تیپەکە بەرز بکاتەوە، بەشێوەیەک لە 7 یاری رابردوویدا تەنیا لە یارییەکدا تووشی شکست بووە، یانەی هەولێر 42 خاڵی هەیە و لە پلەی دوازدەمی ریزبەندییە، هەربۆیە راهێنەرە کوردەکە دەیەوێت بەبردنەوە پەردە لەسەر کاروانی وەرزی ئەمساڵ دابداتەوە.
تەها قادر، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە تەواوی هێڵەکان و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی یانەی زەورامان خوێندووەتەوە، دەمانەوێت لە دوایین وێستگەی خولی نایابی عێراق دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین و چاومان لە سەرکەوتنە".
یانەی زەورا ماوەی دوو رۆژە گەشتی شاری هەولێری کردووە، تیپەکە بەسەرکردایەتی رازی شنێشڵی راهێنەر چاوی لە وەرگرتنی بلیتێکی بەشداریکردنە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لەبەرئەوەی یانەی زەورا 72 خاڵی هەیە و بەبردنەوەی یارییەکە پلەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ مسۆگەر دەکات، لە دوای یانەی جەوییە کە قەڵغانی خولەکەی بردەوە، بەڵام ئەگەر نەیباتەوە، ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە کە یانەی نەجەف یان شورتە پلەی دووەم و بلیتی ئاسیای لێوەربگرن، بەو پێیەی هەردووکیان خاوەنی 91 خاڵن و دوو یاریی ئاسانیان هەیە، کە نەجەف میوانداری قاسمی پانزدەهەمی ریزبەندیی دەکات و شورتەش لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی سناعات کارەبایی هەژدەمی ریزبەندیی دەبێتەوە.
لای خۆیەوە کۆسرەت بایز یاریزانی یانەی هەولێر بۆ رووداوی روونکردەوە "ورەمان بەرزە و دەمانەوێت دوایین یاری بەبردنەوەی ئێمە تەواوبێت، وەرزی ئەمساڵ هەندێک هەڵەی تاکەکەسی و کەموڕی لە پێکهاتەمان بۆ ئێمە بووە کێشە، ئەگەر ئەو کەموکوڕییانە نەبووایە رکابەری پلەکانی پێشەوەمان دەکرد".
لە ریزی یانەی هەولێر ئاکام هاشم بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان ناتوانێت یاری بکات، هەروەها نەوزاد عەبدولحەمید بەهۆی پێکان دوورە لە پێکهاتەی درێس زەردەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ