بایرلیڤەرکوزن ریزەکانی بە کوڕەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەهێزتر دەکات

26-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکاس ڤاسکێز بایرلیڤەرکوزن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بایرلیڤەرکوزن گرێبەستێکی نوێی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا یەکلاکردەوە، بە واژووکردنی گرێبەست لەگەڵ بەرگریکاری باڵی ئیسپانیی خاوەن ئەزموون، لوکاس ڤاسکێز، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید.
 
ڤاسکێز بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە یانە ئەڵمانییەکەوە دەکات، دوای ئەوەی پاش تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بووە یاریزانێکی بێ یانە.
 
بەپێی ئەوەی میدیاکان پشتڕاستییان کردووەتەوە، ڤاسکێز لە چەند رۆژی رابردوودا بەنهێنییەکی تەواوەوە پشکنینە پزیشکییەکانی ئەنجامداوە، و ئەمڕۆ سێشەممە گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا بۆ واژووکردنی گرێبەستە فەرمییەکە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە کە گرێبەستەکە بۆ ماوەی دوو ساڵی تەواوە و تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2027 بەردەوام دەبێت.
 
ڤاسکێز دوای کۆتاییهاتنی قۆناخێکی درێژ کە زیاتر لە دەیەیەکی لەنێو قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ خایاند، ریزەکانی ریال مەدریدی جێهێشت. ئەو لە سیستمی یانە شاهانەییەکەدا رۆڵی 'سەربازە ونبووەکە'ـی دەگێڕا و بەشداریکرد لە بەدەستهێنانی نازناوەکانی وەک خولی ئیسپانیا، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و جامی جیهانیی یانەکان.
 
بەگوێرەی هەندێک لە سەرچاوەکان، گرێبەستکردنی یانە ئەڵمانییەکە لەگەڵ ڤاسکێز لەسەر داوای تێن هاگی راهێنەری یانەکە بووە، چونکە ئەو سەررسامە بە تواناکنی یاریزانە ئیسپانییەکە و پێیوایە دەتوانێت یارمەتی تیپەکەی بدات.
 
گواستنەوەی بۆ بایرلیڤەرکوزن لاپەڕەیەکی نوێی لە بۆندێسلیگادا لەبەردەم دەکاتەوە، کە ئەمە یەکەم ئەزموونی دەبێت لە دەرەوەی ئیسپانیا.
 
یانەی بایرلیڤەرکوزن، بەسەرپەرشتیی راهێنەرە نوێیە هۆڵەندییەکەی، ئێریک تین هاگ، هەوڵدەدات درێژە بە پڕۆژە گەورەکەی بدات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەورووپی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە