لووتکەی ئاگرینی چامپیۆنزلیگ لە لەندەن دەبێت

26-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی لووتکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەکرێت و هەردوو یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەم، لە یاریگەی ئیماراتس لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە لەوپەڕی باشیدان و لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکانی ناوخۆن، لەسەر ئاستی ئەورووپاش هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە و دەیانەوێت رکابەرەکەیان تووشی یەکەم دۆڕان بکەن و شوێنی خۆیان لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بەهێزتربکەن.
 
پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت و دوای بردنەوەی لە تۆتێنهام لە دێربیی لەندەندا بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ رووبەڕوبوونەوەکە ئامادەیە.
 
مارتن ئۆدیگارد لە یاریی رابردوودا بەشداریی نەکرد، بەهۆی ئەو پێکانەی لە مانگی رابردوودا تووشی بوو، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئامادەیە، گابریێل جیسۆس چەند رۆژێکە مەشق دەکات و دەیەوێت هاوکاریی تیپەکە بکات لە هێڵی پێشەوەدا، بەڵام گورزی کە بەر ئارسیناڵ کەوتووە، پێکانی گابریێل ماگالایس، بەرگریکاری یانەکەیە، جگە لەوەش ڤیکتۆر یۆکێرێش پێکانی هەیە و یاریی ناکات.
 
لە کۆی 36 یانەی بەشدار لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئارسیناڵ تاکە یانەیە هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و هەر چوار یارییەکەی سەرەتای ئەم وەرزەی بردووەتەوە.
 
یانەی بایرن میونشن تاکە یانەیە لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی هەموو ئەورووپا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت پارێزگاری لە ئەنجامە باشەکانی بکات، کاتێک بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ یاری دەکات.
 
باڤارییەکان بەباشی خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و بەسەرکردایەتیی هاری کەین دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات.
 
بایرن بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ ئارسیناڵ لە پێشەنگی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە و دەیەوێت پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەند بکات، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە، بەتایبەت کە لویس دیاز، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا یاریی ناکات، ئەلفۆنسۆ دەیڤز و جەمال موسیالاش ماوەیەکی درێژە پێکانیان هەیە و ئامادەنین.
 
بایرن میونشن 14 یاریی بەرامبەر ئارسیناڵ کردووە، باڤارییەکان 8 بردنەوەیان هەیە و 3 جار ئارسیناڵ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 3 یاریی نێوان هەردوو تیپیش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
لە دوایین پێنج یاریی نێوان هەردوو تیپدا یانەی بایرن میونشن هیچ یارییەکی بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ نەدۆڕاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە