رووداو ـ هه‌ولێر
له ماوه‌ى یاده‌كانی سه‌ری ساڵ و كریسمس، یان له یه‌كه‌م رۆژی سه‌ری ساڵ، یانه‌كانی خولی نایابی ئینگلیزی پشوو ناده‌ن و ركابه‌ری تێیدا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی حه‌ماسه‌ت و ورووژاندن، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی خشته‌ی چڕوپڕی یارییه‌كانی 20 تیپه به‌شداربووه‌كه‌ی پرێمه‌رلیگ.
هه‌میشه ئه‌و دوو پرسیاره له ئارادان، كه بۆچی پێویسته گه‌ڕێكی پرێمه‌رلیگ له رۆژی دوای كریسماس ئه‌نجام بدرێت؟ ئایا نهێنی ناوی بۆكسینگ ده‌ی چییه؟.
به رۆژی دوای كریسمس ده‌گوترێت "بۆكسینگ ده‌ی" و ئه‌و ناوه له ئینگلته‌را له‌وه هاتووه كه پێشان خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته له‌و رۆژه‌دا سندووقی دیارییه‌كانیان به‌تاڵ ده‌كرد و دیاری دیكه‌یان له‌نێو داده‌نا بۆ ئه‌وه‌ی بده‌نه خێزانه هه‌ژاره‌كان.
هه‌روه‌ها بۆكسینگ ده‌ی به رۆژێكی گرنگی بازاڕكردن داده‌نرێت و دوكان و بازاڕه‌كان كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ به نرخی هه‌رزانتر ده‌فرۆشن.
لایه‌نه به‌رپرس و سه‌رپه‌رشتیكارانی تۆپی پێی ئینگلیزی پێیانوایه رۆژی بۆكسینگ ده‌ی، كه پشووی فه‌رمییه له ئینگلته‌را، هه‌لێكی باشه بۆ هانده‌ر و هه‌وادرانی تۆپی پێ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی بینینی یارییه‌كانی پرێمه‌رلیگ ببن، هه‌ر بۆیه‌ش له كاتی دانانی خشته‌ی یارییه‌كانی بۆكسینگ ده‌ی ره‌چاوی ئه‌وه ده‌كرێت كه یارییه‌كان نه‌بنه هۆكاری گه‌شتی دوور و درێژی تیپه‌كان، واته ئه‌و دوو یانه‌یه یاری له‌گه‌ڵ یه‌كدی بكه‌ن كه له یه‌كه‌وه نزیكن، بۆ ئه‌وه‌ی هانده‌رانیش ناچار نه‌بن گه‌شتی دوور بكه‌ن بۆ بینینی یانه‌كانیان.
رێژه‌ی ئاماده‌بوونی هانده‌ران له یاریگه‌كان له رۆژی بۆكسینگ ده‌یدا زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه، بۆیه سه‌رپه‌رشتیارانی پرێمه‌رلیگ رازی نه‌بوون ئه‌نجامدانی یارییه‌كانی ئه‌و رۆژه ره‌تبكه‌نه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كی زۆر له‌و باره‌یه‌وه له لایه‌ن یانه‌كانه‌وه پێشكه‌شیان كراوه.
له وه‌رزه‌كانی رابردوودا مانچێسته‌ر یونایتد خاوه‌نی باشترین ئه‌نجام بووه له بۆكسینگ ده‌یدا، كه له‌و رۆژه‌دا 63 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه، تێكڕایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌و رۆژه‌دا 80% بووه، به رێژه‌ی 2.52 خاڵ له هه‌ر یارییه‌كدا.
ئارسیناڵیش له پله‌ی دووه‌م دێت، كه تێكڕایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌و رۆژه‌دا 62% بووه، به رێژه‌ی 2.05 خاڵ له هه‌ر یارییه‌كدا.
پله‌ی سێیه‌میش به‌ر لیڤه‌رپوول كه‌وتووه، به رێژه‌ی 2.04 خاڵ له هه‌ر یارییه‌كدا، كه تێكڕایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌و رۆژه‌دا 61% بووه و له‌و رۆژه‌دا 47 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه.
خراپترین تۆماریش له بۆكسینگ ده‌یدا به‌ر یانه‌ی برایتۆن ده‌كه‌وێت، كه له هه‌ر یارییه‌كدا 1.43 خاڵی كۆكردووه‌ته‌وه، كۆی خاڵه‌كانی له‌و رۆژه‌دا 33 خاڵ بووه و رێژه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی 35% بووه.
تۆتێنهامیش خاوه‌نی ئامارێكی سه‌رنجڕاكێشه، كه له دوایین 10 یاری خۆی له بۆكسینگ ده‌یدا هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندووه، خاوه‌نی 7 بردنه‌وه و 3 یه‌كسانبوونه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ