هەواڵێکی خۆش گەیشتە هاندەرانی بارسێلۆنا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێرمین لۆپێز نوێکردنەوەی گرێبەست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بە دوو هێندەی مووچەکەی و مەرجێکی هەڵوەشاندنەوەی خەیاڵی، یانەی بارسێلۆنا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرەیەکی گەیشتە رێککەوتن.
 
بارسێلۆنا زۆر نزیک بووەتەوە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە لاوەکەی، فێرمین لۆپێز، ئەمەش بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەم وەرزەدا، کە تێیدا تاوەکو ئێستا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 گۆڵیشی دروستکردووە، ئەوەش وایلێکردووە ببێتە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی تیپی یەکەمی بارسا.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایکردووە کە یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاری داوە گرێبەستی ئەستێرە لاوەکەی تاوەکو ساڵی 2031 نوێ بکاتەوە.
 
بەپێی ئەو وردەکارییانەی رۆژنامەی lavanguardiaـی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، لۆپێز بەپێی گرێبەستە نوێکەی دوو هێندەی مووچەی ئێستای وەردەگرێت، هەروەها بڕی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی  زیادکراوە بۆ 500 ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا راگەیاندنی فەرمیی گرێبەستەکە دوای یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر کۆپنهاگن لە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەبێت.
 
ئەم نوێکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە یانەی چێڵسی گرنگی بە گواستنەوەی یاریزانەکە دابوو، بەجۆرێک لە هاوینی رابردوودا 40 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کردبوو، بەڵام بارسێلۆنا رەتیکردەوە بەکەمتر لە 90 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بێت. لۆپێز خۆیشی داوای رۆیشتنی نەکردبوو، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و باشترکردنی مەرجە داراییەکانی.
 
فێرمین لۆپێز لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە یانەی بێتیسەوە پەیوەندی بە ئەکادیمیای بارسێلۆناوە کرد و لە سەرەتادا بەهۆی جیاوازی گەشەی جەستەیی لەگەڵ هاوڕێکانی، رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەک بووەوە.
 
دوای ماوەیەک یاریکردن بەخواستن لەگەڵ یانەی لینایرس، لەلایەن چاڤی هێرناندێزەوە بۆ تیپی یەکەم بانگهێشت کرا و لەو کاتەوە بووەتە یاریزانێکی سەرەکی و لەلایەن هاندەرانەوە خۆشەویستە، هەروەها رۆڵێکی گرنگ لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەگێڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە