رووداو دیجیتاڵ
گاریس بەیڵ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، رەتیدەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک کێشەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەبووبێت، لەسەر جێبەجێکردنی لێدانەکانی راستەوخۆ، کاتێک پێکەوە یارییان بۆ ریال مەدرید دەکرد.
ئەستێرەی ویڵزی، کە لەساڵی 2013 بووە یاریزانی ریال مەدرید، بۆ ماوەی 5 ساڵ هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری لە ریزەکانی یانەی شاهانەدا کردووە و زۆرجار میدیاکان باسیان لەوە دەکرد، کە ئەو دووانە وەک دوو ئەستێرە جۆرێک لە رکابەری و ناکۆکییان لەنێواندا هەیە.
بەیڵ لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ ناکۆکی لەگەڵ رۆناڵدۆ هەبووە لەبارەی جێبەجێکردنی لێدانەکانی راستەخۆ؟ لە وەڵامدا گوتی "من و کریستیانۆ هەمیشە رۆڵی خۆمان دەزانی، هەرگیز هیچ کێشەیەک لەو بارەیەوە نەبوو، لێدانی راستەوخۆ لەلای راستەوە بەرپرسیارێتی من بوو، ئەگەریش لەلای چەپەوە بووایە ئەوە هی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو".
ئەو زیاتر گوتی "لێکتێگەیشتنێکی روون لە نێوانماندا هەبوو، ئەوەش هەموو شتێکی ئاسان و پیشەیی کردبوو. هیچ ململانێیەکی خۆپەرستانە نەبوو، تەنیا رێزگرتن و متمانە بە خاڵە بەهێزەکانی یەکدی بوو".
گاریس بەیڵ، هەروەها گوتیشی "کاتێک لێدانی راستەوخۆ لە ناوەڕاستی گۆڵەکەدا بوو؟ باشە... دواتر بەشێوەیەکی سادە یەکلاییمان دەکردەوە: بەرد، کاخەز، مەقەست".
بەیڵ لەساڵی 2013 بەبڕە پارەیەکی رانەگەیێندراو لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییەوە روویکردە ریال مەدرید. رۆژنامەکان ئەوکات ئاماژەیان بەوە کردبوو کە نرخی گواستنەوەکەی لە نێوان91 بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ دایە. لە کانوونی دووەمی 2016 چەند بەڵگەنامەیەک سەبارەت بەگواستنەوەکەی دزەیان پێکرا کە پشتڕاستیان کردەوە گواستنەوەکەی تا ئەوکاتە گرانترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێیە، کە بەهاکەی 100.08 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەمەش پێش ژمارەی پێوانەیی پێشووی کەوت کە 80 ملیۆن پاوەند (94 ملیۆن یۆرۆ) بوو و ریال مەدرید لە ساڵی2003 بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دابووی.
بەیڵ لە یەکەم وەرزی خۆیدا لەگەڵ ریال مەدرید رۆڵێکی سەرەکی گێڕا، یارمەتی یانەکەی دا بۆ بردنەوەی جامی شای ئیسپانیا و خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، هەروەها لە هەردوو یاریی کۆتاییشدا گۆڵی تۆمارکرد. لە وەرزی دواتردا، جامی سوپەری ئەورووپای بردەوە و لە سێیەم یاریی کۆتایی گرنگدا گۆڵی تۆمارکرد بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەی بدات جامی جیهانی یانەکان بباتەوە.
دوای دوو ساڵ، یاریزانێکی سەرەکی بوو لە یارییەکی دیکەی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا و نازناوی وەرزی 2015-2016ـی بەدەستهێنا و لە ناو پێکهاتەی نموونەیی وەرزەکەدا هەڵبژێردرا. هەروەها یەکێک بوو لە پاڵێوراوانی کۆتایی بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەورووپا، و وەک باشترین یاریزانی یارییەکەش دەستنیشانکرا کاتێک دوو گۆڵی لە یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپای 2018 تۆمارکرد.
لە وەرزی 2020-2021 بەشێوەی خواستن گەڕایەوە ریزەکانی یانەی تۆتێنهام، وەرزی دواتریش دوایین وەرزی بوو لەگەڵ ریال مەدرید، کە تێیدا نازناوێکی دیکەی لالیگا و پێنجەمین نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەوەی کاتێکی کەم یاری پێ دەکرا. دواتر لە تەممووزی 2022 پەیوەندی بە یانەی لۆس ئەنجلس لە خولی ئەمریکی کرد و لەو وەرزەدا نازناوی قەڵخانی هاندەران و جامی خولی ئەمریکی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ