رووداو دیجیتاڵ
لە کلاسیکۆدا بڕیاربوو وەک هێرشبەری سەرەڕم یاری بکات، کەچی ماوەیەکی کەم بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، بە پزیشکەکانی تیمەکەی وت، پشتم دەیەشێ و توانای یاریکردنم نییە. بەناچاری لە پێکهاتەی تیپەکە دوورخرایەوە. پاش کەمتر لە 72 کاژێر لە کارەساتەکەی کلاسیکۆ، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا دەرکەوت و دوو گۆڵی تۆمارکرد و وەک هیچ رووینەدابێت وا دەرکەوت.
ئەوە چیرۆکی دوو دەرکەوتنی جیاوازی گەریس بەیڵە لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی. ئازاری دۆڕانی کلاسیکۆ و درەوشانەوەی ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی وێڵز، رۆژنامەکانی ئیسپانیای لەو یاریزانە دەهریکرد، ئەوان بەرلەوەی گۆڵەکانی تۆماربکات، وێنەی جەمپێکی پڕ دڵخۆشیی ئەویان لە رووپەلی یەکەمی رۆژنامەکاندا بڵاوکردەوە و بەتەوسەوە گوتیان ئەوە چییە؟ پەرجوو روویداوە؟ بەیڵ چۆن وا بەزوویی ئامادەی یاریکردنە؟
بابەتەکە گەرمتر بوو، مارکای ئیسپانی نووسی، بەیڵ دیاردەیە ئەوکاتەی خۆی بیەوێت. رۆژنامەکانی دیکە، ئەویان بەناپاک ناوبرد، گوتیان هێندە بێباک بووە گوێ ناداتە ئەوەی چی لەسەر دەنووسرێت، بیری ئەو یاریزانەی خستەوە کە ئەو ساڵانە پارەیەکی زۆر لە ریال مەدرید وەردەگرێت، کەچی زۆر بە یانەکەی دەبەخشێت و ئەو ئاستەی پێشكێشی دەکات، هەرگیز لە ئاستی ئەو مووچە گەورەیەدا نییە کە یانەکەی دەیداتێ.
بەیڵ بێدەنگنەبوو، لە تویتەری خۆی بەتووندی بەرپەرچی رۆژنامەکەی دایەوە، پێیگوتن بەهۆی هەڵە و کارکردنی ئێوەوە خەڵک بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە، خۆشحاڵم بەوەی کە من ئەو قۆناخەم تێپەڕاندووە بەهۆی هەواڵە ناڕاستەکانتانەوە خۆم بکوژم، بەڵام ئێوە هیچ هەڵەیەکی مرۆیی قبووڵ ناکەن.
گاریس، هەموو تووڕەیی چەند ساڵەی خۆی بە مارکا دەربڕیووە، دەڵێ ئەوانە بێئابڕوون، دەبێ شەرم لە خۆیان بکەن.
ئەوەی چەند ساڵبوو چاوەڕێدەکرا بتەقێتەوە، تەقییەوە. ئەوەی زۆر لە مێژبوو پێشبینی روودانی دەکرا، ئیدی روویدا، پێناچی هێندەی یەک تاڵەمووش پەیوەندی دۆستانە لە نێوان بەیڵ و ریال مەدریدا مابێت. میدیای ئیسپانی لە بری هەموو ریال مەدرید، شەڕەکەیان لە دژی بەیڵ بەرپاکردووە، باشیش دەزانن هەلی مانەوەی بەیڵ لە یانەکەدا سفرە، بەم هێرشە نوێیانە، دۆخەکەیان بۆ خوار سفر لە پەیوەندی نێوان هەردوولادا برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ