رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی دهۆک دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و هاندەرانی لەگەڵ بردنەوە ئاشتبکاتەوە.
ئەمڕۆ ئێوارە لە رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی کەربەلا یاری دەکات.
دهۆک لە یاریی رابردوودا بەرامبەر کارەبا دۆڕا و پێش ئەوەش لەگەڵ یانەی حدوود لە یاریگەی خۆیدا یەکسانبوو، ئەنجامی ئەم دوو یارییە هاندەرانی یانەی دهۆکی تووڕەکرد و مەسعود میراڵی راهێنەری یانەکەش هێرشی کردە سەر یاریزانەکانی.
دوای خەڵاتکردنیان لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و گەڕانەوەیان بۆ دهۆک، یانەکە ئامادەکارییەکی باشی کردووە و ئەمڕۆ دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
دهۆک لە مێژوویدا تەنیا یەکجار بەرامبەر یانەی کەربەلا دۆڕاوە و ئەویش لە 2005 بوو لە یاریی یەکەمی ئەم وەرزەیاندا دهۆک 2-1 سەرکەوتنی بەرامبەر کەربەلا بەدەستهێناوە.
یانەی دهۆک بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی عێراقە، 23 یاریی کردووە، 12 بردنەوە، 5 یەکسانبوون و 6 دۆڕانی هەیە، یانەکە خاوەنی 41 خاڵە.
کەربەلا ئەنجامەکانی خراپن، لە پلەی نۆزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە 29 یارییدا تەنیا 4 بردنەوەی هەیە و شەڕی مانەوە دەکات لە خولەکەدا.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ